شەریف عەلی باپیر: پێم خۆشە باوکم لە یەککاتدا چوار ژنی هەبێت


رووداو دیجیتاڵ

شەریف عەلی باپیر، کوڕی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو لە بارەی هاوسەرگیریی باوکی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و گوتی، "سەبارەت بە رای خۆشم 100٪ لەگەڵ رای بابمم و هیوادارم ئینشااللە تەمەن باقی بێت بتوانێت سووننەتەکە بەتەواویی جێبەجێبکات و لەیەک کاتدا چوار خێزانی هەبێت."
 
شەریف عەلی باپیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "لە راستیدا جیاوازیی تەمەن لە هاوسەرگیردا بابەتێکی نوێ نییە و تەنیا پەیوەست نییە بە هاوسەرگیری موسڵمانانەوە. تەماشاکە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ و سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن جیاوازیی تەمەنیان چەند زۆرە لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا." ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆمەڵگایەکی زۆرینە موسڵماندا واقیعێک درووستکراوە و کراوەتە عەیبە و تاوان کە پیاوان بتوانن پیادەی مافی خۆیان بکەن، لە کاتێکدا توانای ماددی و مەعنەوییان هەبێت."
 
دەقی پرسیاری وەڵامی پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ شەریف عەلی باپیر
 
رووداو: وەکو کوڕی مامۆستا عەلی باپیر، پێشتر باوکت باسی ئەوەی بۆ کردبووی کە هاوسەرگیری دەکات؟ رای تۆ چی بوو؟
 
شەریف عەلی باپیر: بسم الله الرحمن الرحيم، سڵاوت لێبیت کاک نوێنەر، بەڵێ جەنابی بابم چەند جارێک لە ماڵەوە باسیکردووە کە نیازی هەیە هاوسەرگیری سێیەم بکات. سەبارەت بە رای خۆشم 100٪ لەگەڵ رای بابمم و هیوادارم ئینشااللە تەمەن باقی بێت بتوانێت سووننەتەکە بەتەواویی جێبەجێبکات و لەیەک کاتدا چوار خێزانی هەبێت.
 
رووداو: هەستت چۆنە کە باوکت ئەم هاوسەرگیرییەی کردووە؟
 
شەریف عەلی باپیر: راستی بەرلەوەی باسی هەستی خۆم بکەم، پێـم خۆشە ئەوە بڵێم کە چۆن لە کۆمەڵگایەکی زۆرینە موسڵماندا واقیعێک درووستکراوە و کراوەتە عەیبە و تاوان کە پیاوان بتوانن پیادەی مافی خۆیان بکەن، لە کاتێکدا توانای ماددی و مەعنەوییان هەبێت؛ لە شوێنگرەوەی ئەوەدا هاتوون بەناو مۆدێل و کاری بەدڕەوشتی و فەسادیان لەنیو خەڵکیدا بڵاوکردوەتەوە؛ پیاوان ناچار دەکرێن بە دزییەوە هاوسەرگیری بکەن یان تووشی تاوان ببن و ژنان لە ماڵەوە دابنێن. بۆیە لەو روانگەیەوە باوکم وەکو شاخێک و رێچكەشکێنێک رووبەڕووی ئەو هەموو فەساد و تاوان و میدیاییە ژەهررێژانە بووەتەوە، بەڵێ دەستخۆشی لێدەکەم و پێم خۆشە.
 
رووداو: دەگوترێت هاوژینی نوێی مامۆستا عەلی باپیر 35 ساڵ لەخۆی بچووکترە، ئایا ئەمە راستە؟
 
شەریف عەلی باپیر: راستی تەنانەت من وەکو کوڕی مامۆستا عەلی باپیر پێویستم بەو زانیارییە نییە، چ جای خەڵکانێکی دیکە، پێم خۆشە تەواوی ئەو کەسانەی ئاوا دەهۆڵ دەکوتن، بوێری ئەوەشیان هەبێت تەنیا لە ناوی ژن و هاوسەری خێزانەکانی دیکە بپرسن، لەکاتێکدا بوێریی ئەوەیان نییە بە یەک پرسیاریش لە ناو و تەمەنی هاوسەرەکانی دیکە بپرسن، چ ئیشیان بەوەیە بێن بپرسن بزانن خێزانەکانی مامۆستا عەلی باپیر تەمەنیان چەندە.
 
رووداو: زۆر باسی ئەوە دەکرێت کە جیاوازی تەمەن لەنێوان مامۆستا عەلی باپیر و هاوژینەکەی زۆرە و ناگونجێت، رای تۆ چییە؟
 
شەریف عەلی باپیر: لە راستیدا جیاوازی تەمەن لە هاوسەرگیردا بابەتێکی نوێ نییە و تەنیا پەیوەست نییە بە هاوسەرگیری موسڵمانانەوە. تەماشاکە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ و سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن جیاوازیی تەمەنیان چەند زۆرە لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا، بە هەر بارێکدا بێت چ ئافرەتەکە تەمەنی زیاتر بێت یان پیاوەکە، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە پرۆسەی هاوسەرگیری بەگوێرەی شەرعی ئیسلام دەکرێت ئەوەی بە مەرج گیراوە بۆ ئافرەت، پێگەیشتنیەتی لە رووی عەقڵ و جەستەییەوە. هەروەها پێم خۆشە کە رووداو دەست بۆ زۆر بابەت دەبات بەلای منەوە جێگەی دەستخۆشییە، بوێری ئەوەشی هەبێت سەردانی باخەکانی دەورووبەری هەولێر و شارەکانی دیکە بکات و ببینن چۆن پیرە بەرپرسەکان لە شەوانە دانیشتنەکانیاندا شەوانە لە خواردنەوە و سەماکردنەکانیاندا ئافرەتانی تەمەن بچووک (بەکاردەهێنن)؛ ئەو ئافرەتانەی لەوێن تەمەنیان چەندە؟ چۆنن؟ چۆن دەکرێنە قوربانی حەز و ئارەزووی ئەو بەرپرسە کەڵتەکۆن و بەتەمەن و سەرخۆشانە؟
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان فرەژنی بەپێی یاسا قەدەخەیە، مامۆستا عەلی باپیر ئەم هاوسەرگیرییەی لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان کردووە؟
 
شەریف عەلی باپیر: کاک نوێنەر، بەپێی ئەو یاسایەی کە چالاکوانە بێتاوانەکانی بادینانی بە ناحەق زیندانی کرد. لەراستیدا جەنابی بابم هیچ کارێکی ناشەرعی و نایاسایی ناکات. هەروەها من پێم وایە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا پێوەرە شەرعییەکە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە؛ پێم خۆشە ئەوەش راستبکەمەوە، دەستەواژەی فرەژنی هەڵەیە، لە ئیسلامدا چەند ژنی هەیە، کاتێک موسڵمانێک لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە لە توانای هەبێت بۆی هەیە چەند خێزانێکی هەبێت: یەک، دوو، سێ و چوار، ئەوە چەند ژن ییە بەڕێز و ئیحترامەوە و بەرێکوپێکی چەند ژنێکی هەیە بە ئاشکرا. بەڵام بابەتی فرەژنی، ئەوە لەلای خەڵکی دیکە هەیە، ئەوە لای ئەو دەسەڵاتدارانەی کە موڵک و ماڵ و داهات و ئافرەت و ژنی خەڵکی بە هی خۆیان دەزانن و دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی خەڵکی، ئەوەیە فرەژنی.