رووداو هەولێر
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی داهات و جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی 10 بڕیاری دەرکرد؛ لە بڕیارەکاندا دابینکردنی 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان هەیە کە بەپێی وەزارەتی دارایی 2000 هەلی كار بۆ ناوچەی گەرمیان دەڕەخسێنێت.
رۆژی پێنجشەممە 2-6-2022، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی نێو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەکە کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی رایگەیاند: "لەژێر رۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست، جووڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لەڕێگەی دەروازەکەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان دروستکردووە."
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب داوایکردووە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگ و ھاوکاربن لە بووژاندنەوەی جووڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی نێوخۆیی بەپێی رێنماییەکان بکرێت و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت، ئەوەش لەپێناو رەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بێ جیاوازی."
لە کۆبوونەوەکەدا کە یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، ئاوات شێخ جەناب 10 بڕیاری دەرکرد کە ئەمانەن:
1- لەمەودوا باری ترانزێت دادەپۆشرێت و بەبێ نوێنەر بەڕێدەکرێت.
2- بازرگانان ئازادن لە بازرگانیکردن و "حساباتی" رەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
3- لابردنی "رەسید" بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.
4- پێداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.
5- پێداچوونەوە دەکرێت بە لێخۆشبوونی (202) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.
6- "تەسریحەی" گومرکی تەنیا یەکجار پارە وەردەگیرێت، واتا لە دووبارەبوونەوە هیچ بڕه پارەیهك وەرناگیرێت.
7- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەروێزخان رێکدەخرێتەوە.
8- پێداچوونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
9- پێداچوونەوە بە پاراستنی بەروبوومی نێوخۆیی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەکرێت.
10- لە سەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری، 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان دابیندەکرێت كە ئەوەش دەبێتە هۆی رەخساندنی 2000 هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.
لە بارەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ 222 ماددە کە عێراق دەریکردووە، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، رایگەیاند: "حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ 222 ماددەی جۆراوجۆر دەرکرد و لای ئێمە جێبەجێنەکرا؛ لە کۆبوونەوەکە بڕیادرا خوێندنەوەی تەواو بۆ ئەو ماددانە بکەین بۆ ئەوەی بەشێکیان لێخۆشبوون یان کەمکردنەوەی رەسمی گومرگییان بۆ بکەین."
لە بارەی ئەو گرفتەی کە لەبەردەم بازرگانانە، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی: "قورساییەکی گەورە بۆسەر بازرگانەکان ئەو رەزامەندییانە بوو کە لە وەزارەتی پەیوەندیدار وەریان دەگرت، چونکە کاتی زۆری دەویست و نابەرامبەری دروست دەبوو و رەزامەندی بە بەشێک دەدرا و بەشێکی دیکە بێبەش دەبوون؛ بۆیە بڕیادرا بۆ لەمەودوا بۆ ئەو بابەتانەی کە کێشەی ئەمنی دروستناکەن بازرگانان ئازادن و پێویستیان بە رەزامەندیی وەزارەتەکان نابێت."
لە بارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی، ساماڵ عەبدولرەحمان گوتی: "ماوەیەکی زۆرە بە لایەنی پەیوەندیدارمان گوتووە کە هەندێک کێشە لەبەردەم کاری بازرگانان هەیە و پێویستە لەمەودوا کاری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی مۆدێرن بێت و تەگەرە و کۆسپەکان نەمێنن. ئەمڕۆ بڕیاردرا کە دەبێت کێشەکانی بەردەم بازرگانان نەمێنن."
هاوکات سەعید مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرنگ ئەوەیە ئەو بڕیارانە جێبەجێبکرێن و ببنە هۆکارێک بۆ زیاترکردنی داهاتەکانی نێوخۆ، چونکە زۆر جار بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانەوە کێشە دروستدەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ