بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی: بۆ 350 هەزار دینار خەریکبوو وێستگەی ئاوی دوکان بکوژێنینەوە

02-06-2022
وێنەیەک لە بەنداوی دوکان
وێنەیەک لە بەنداوی دوکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی پێیوایە حکومەت کەرتی ئاوی سلێمانی پشتگوێخستووە و ئاماژە بەوەش دەدات، بەهۆی نەبوونی 350 هەزار دینار، دوێنێ خەریکبوو وێستگەی ئاوی دوکان بکوژێننەوە کە گەورەترین پرۆژە ئاوە لە سلێمانی.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-06-2022، سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی میوانی بوولتەنی هەواڵە ئابوورییەکانی کاژێر 09:00 بوو کە محەممەد شێخ فاتیح لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی کرد، پرسی دۆخی ئاو لە سلێمانی خرایە بەرباس.
 
سەبارەت بە پێویستیی ئاو لە سلێمانی، سەربەست عوسمان گوتی: "بەپێی پێوەرەکان کە 320 لیتر بۆ هەر تاکێک لە رۆژێکدا دانراوە، رۆژانە پێویستیمان بە 450-500 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام ئێمە بە هەموو توانمانەوە دەتوانین لە شەو و رۆژێکدا لە وەرزی گەرما 150-200 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکەین".
 
بە گوتەی سەربەست عوسمان، بەپێی ماستەرپلانەکان "30-50٪ـی ئەو ئاوەی بەرهەمدێت، بە فیڕۆ دەڕوات، چ لە رێگەی شکانی بۆرییەوە بێت یان نەبەستنی تەوافەی تانکی یان شووشتنی ئۆتۆمبێل و شتی دیکەوە".
 
سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک مەتر سێجا ئاویش، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت: "تێچووەکەی لە 1000 دینار کەمترە، 800-900 دینارە، بەڵام نرخەکە بەپێی وێستگەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت،  بۆ نموونە بەرهەمهێنانی یەک مەتر سێجا لە وێستگەیەکی وەک دوکان زیاتری تێدەچێت وەک لە سەرچنار".
 
سەربەست عوسمان پێیوایە "ستەمێکی گەورە" لە ئاوی ژێر زەویی سلێمانی کراوە، ئەوەی ئەو لە جیۆلۆجییەکانی بیستووە "لە دوو چین پێکهاتووە کە پێی دەڵێن کۆمیتان و تانجەڕۆ، هەردووکی لەو چینانەن کە هەژارن لە بوونی ئاودا. ئەو هەژاربوونە ئەو ئاوەی سلێمانی زۆربەی ئەوەی من بیستوومە پێی دەڵێن shallow well بیری سەتحی، کە 100 مەتر نابێت، لە هەمانکاتدا بیری قووڵ لەسەرووی 200 مەترەوەیە دەچێتە ئەو چینانەی کە دەوڵەمەندن بە ئاو. ستەمەکە لەوەدایە ئەو ئاوەی دەردەهێندرێت 80٪ی پاک نییە، بە تایبەت ئاوی بیرەکانی خوارووی سلێمانی، چونکە لەگەڵ ئاوەڕۆ تێکەڵ بووە".
 
سەربەست عوسمان بە دووری دەبینێت ئەم هاوینە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی ببنەوە و دەڵێت: "بۆ سلێمانی پێموانییە رووبەڕووی کەمئاوی ببینەوە، ئەمساڵیش هەروەکو پارساڵ دەبێت خراپ نابێت".
 
بە بڕوای بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی "حکومەت کەرتی ئاوی سلێمانی زۆر پشتگوێ خستووە"، دەشڵێت: "ئێستا کێشەیەکی دیکە هاتووەتە پێشەوە، رۆژانە چەک دەنێریت بۆ بانک پارە نییە پێتی بدات، بڕوا بکەن لە هەفتەیەکدا دەبێت 10 تەلەفۆن بۆ سەرو خوارەوە بکەی، دوێنێ خەریکبوو وێستگەی دوکانمان بکوژێنینەوە، کە گەورەترین پرۆژە ئاوییە لە سلێمانی. لەبەر ئەوەی سیستەمی (SCADA) پێویستی بە 350 هەزار دینار هەبوو بۆ کرێی ئینتەرنێت، پارە نەبوو بیدەین.. تاوەکو بەڕێوەبەری گشتی بانکی هەرێم درکی بەوە کرد".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە