هەنگەوانێک: جیاکردنەوەی جۆری باش و خراپی هەنگوین هەر ئێمە دەیزانین

 
رووداو - سلێمانی

بە بەشداریى نزیکەى 100 خاوەنکار و کۆمپانیا و جووتیار لە نێوخۆ و دەرەوە، خوولى دووەمى فیستیڤاڵى ژیان بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
زۆرینەى بازاڕەکە تەرخانکراوە بۆ بەرهەمى کشتوکاڵی، هەنگوین، وشکە، کارەبایی، پزیشکی و جوانکاریی خانمان. تاهیر شێخە، بریکارى کۆمپانیایەکى برنج دەڵێت "برنج جۆرى زۆرە، بەڵام ئەو جۆرە زیاتر خواستى لەسەرە کە 1121ـە".
 
عەبدوڵڵا ئیبراهیم هەنگەوانە و باس لەوە دەکات "جیاکردنەوەى جۆرى باش و خراپى هەنگوین هەر خاوەن هەنگەکان دەیزان، بەڵام ئەوانەى کە هاوردە نین، زۆرینەیان باشن".
 
سوودى گەورەى ئەو فیستیڤاڵە ناساندنى بەرهەمەکان و پەیداکردنى کڕیارە، بەشداربووان لە هەوڵی ئەوەدان دەورى کۆشکەکانیان قەرباڵختر بکەن.
 
ژیا کەمال، خاوەنى براندى بۆن باس لەوە دەکات "بۆنەکانى ئێمە لە ئەڵمانیا دروستدەکرێن، بەڵام هەموویان لە گژوگیاى سرووشتى". تریفە شکور، خاوەنى براندى سابوون و زەیت گوتی "چەند جۆرێکى جیاوازى سابوونمان هەیە، کە هەمووى لە گوڵى سرووشتى دروستکراون، لەگەڵ زەیتى زەیتوونى بانى مەقان".
 
نیا فەرەیدوون، خاوەنى براندى جوانکاریى خانمان ئەوەی خستەڕوو "ئەوەى من درووستى دەکەم، خۆم دامهێناوە و سرووشتییە، وەکو سابوون، جوانکاری و چارەسەرى سرووشتى".
 
بەشداربووان لە سلێمانى و هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیانەوە بەشدارییان کرد، 30 بەشداربووش لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە، داواکاریى زۆرینەشیان رێگرى بوو لە هاتنە ناوەوەى ئەو بەرهەمانەى کە کوردستان خۆى بەشى پێداویستیى بازاڕەکانى هەیە.