وەزارەتی کار: چەندین کۆمپانیامان لەسەر مافەکانی کرێکاران داوەتە دادگە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، هەر کرێکارێک دەستەبەر کرابێت خانەنشینی دەیگرێتەوە، بەپێی یاساش خاوەنکار ناچارە کرێکارەکانی دەستەبەربکات. بە گوتەی سەندیکای کرێکارانیش "کێشەی جێبەجێنەکردنی یاسا هەیە."
 
بەشێکی زۆری کرێکاران ناویان بۆ دەستەبەرکردن تۆمارنەکردووە، ئەوەش بەهۆی ئاگادارنەبوون یان کەمتەرخەمی. هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، رەخنە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەگرێت 'بەهۆی بەدوادانەچوون سەبارەت بەو خاوەنکارانەی، کرێکارەکانیان دەستەبەر ناکەن."
 
خالید سلێمان، کرێکارە و دەستەبەری نەکردووە، رۆژی 1ـی ئایار لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی "دۆخی کرێکاران زۆر زەحمەتە، هەر کرێکارێک نەخۆش بکەوێت یان لەماڵ بکەوێت، هیچ گەرەنتییەک نییە هاوکاری بکرێت، خاوەنکارێک رۆژێک دەیباتە کار و دووەم رۆژ نایبات."
 
بەپێی یاسای کار، خاوەنکار ناچار دەکرێت کرێکارەکانی دەستەبەربکات و سەلامەتییان دابین بکات. سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت "لە هەرێمی کوردستان کێشەی جێبەجێنەکردنی یاسامان هەیە."
 
سەلامەتیی پیشەیی و دەستەبەرکردن دوو بابەتی جیاوازن. ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند "ئەو کرێکارانەی دەستەبەرکراون، رێکخراون و مافیان وەردەگیرێت. ئەو کرێکارانەشی دەستەبەرنەکراون، ناڕێکخراون و ناتوانرێت مافیان وەربگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار رایگەیاند، هەر کرێکارێک سکاڵای لەسەر خاوەنکارەکەی بکات، یان بخوازێت سکاڵایەکی کار بگەیێنێتە وەزارەت، دەتوانێت لە رێگەی هێڵی گەرمی 5500 بیگەیێنێت.
 
ئاریان ئەحمەد، رەتیدەکاتەوە وەزارەتەکەیان چاودێریی سەلامەتیی کرێکاران نەکات، دەڵێ "لیژنەمان هەیە سەردانی شوێنی کارەکان دەکات. زۆرجار کرێکار کەمتەرخەمی لەخۆیەتی. ئەگەر کۆمپانیا کەمتەرخەم بێت، سزامان داون و چەندین کۆمپانیامان داونەتە دادگە. هەر کرێکارێک دەستەبەرکرابێت تاوەکو دادگەش لەگەڵی دەڕۆین." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی "هەر کرێکارێک لە رەگەزی نێر 25 ساڵ دەستەبەری هەبێت، دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات. بۆ رەگەزی مێ 20 ساڵ دەستنیشانکراوە. تاوەکو ئێستا 800 کرێکار لە هەرێمی کوردستان خانەنشین کراون. لە ساڵی 2019 دەستەبەریی کرێکاران گەیشتووەتە 30 %. لە ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە دابەزیوە بۆ 15%. لە ساڵی 2021 دەستبەری کرێکاران گەیشتووەتە 91.3%. لە ساڵی 2022 دەستبەریی کرێکاران گەیشتووەتە 104%. لە ساڵی 2023 رێژەکە گەیشتووەتە 430%. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 148 هەزار و 621 کرێکار دەستەبەرییان بۆ کراوە."
 
کرێکاری رۆژانە یان ئەوانەی بە کاژێر کاردەکەن، دەستەبەر ناکرێن. گوتەبێژی وەزارەتی کار ئاماژەی بەوەشکرد ئەوانە "ئەو چینەن، کە زۆرترین کات مافیان پێشێل دەکرێت. لە رەشنووسی ئەمجارەی وەزارەتی کار کە ئاراستەی پەرلەمان کراوە و خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەگەر پەسند بکرێت ئەو کرێکارانە لەو زەحمەتییانە رزگار دەبن و مەترسییەکان لەسەریان نامێنێت."
 
بەپێی بڕیارێکی حکومەت، هەر خاوەنکارێک دەبێت رێژەی کرێکاری نێوخۆیی لە 75% کەمتر نەبێت. بۆ دەستبەرکردنی هەر کرێکارێک، 17%ـی مووچەکەی دەخرێتە سندووقی خانەنشینی و لەو رێژەیەش 5% کرێکار دەیدات و خاوەنکار و حکومەت رێژەی 12% لە پارەی سندووقی خانەنشینییەکە تەواو دەکەن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی کرێکاران رایگەیاند "دەبێت چاودێریی خێزانی ئەو کرێکارانە بکرێت کە لە کاردا گیانیان لەدەستداوە."
 
لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی 1971.

 

تەواوی بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی کێشەکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی کرێکاران (یەکی ئایار) پێشکێش کرا: