رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەردوو لیژنەی یاسایی و هونەریی وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نەوتی عێراق لەبارەی کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان گرێبەستی هاوبەشین و وەزیری نەوتی عێراقیش کارکردن بەو جۆرە رەتدەکاتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ناکرێت رەزامەندی لەسەر گرێبەستی هاوبەشی بدەین، بۆیە دوو لیژنە پێکهێندراون، لیژنەیەکی هونەری و لیژنەیەکی یاسایی، پشت بەخوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە لەگەڵ ئەم دوو لیژنەیە دەکرێت کە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی [کوردستان]ـی تێدایە."
لە وەزیرم پرسی، چ رێوشوێنێکی ئەمنی گیراەتەبەر بۆ پاراستنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر؟
وەزیری نەوت وەڵامیدایەوە و گوتی، "دەزانن ئێستا کێڵگەی کۆرمۆر لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمە بۆیە لەسەر حکومەتی هەرێمە ئاسایشی بۆ دابین بکات."
لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ دا کێڵگەی گازی کۆرمۆر نزیکەی 10 جار کراوەتە ئامانج، هیچ گرەنتییەکیش نییە بۆ دووبارەبوونەوەی.
عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "کارێکی شەرمەزارکەرە. ئەمڕۆ هەموو سامانەکانی هەرێم سەروەتی حکومەتی فیدراڵین، لە کۆتاییدا بەئامانجگرتنی دامەزراوە پیشەسازییەکان، بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانە."
حەیدەری دەڵێت: "ساڵی رابردوو لە نێوەڕاستی وەرزی هاوین لە پارێزگای بەسرە چەند وێستگەیەکی گازی کرانە ئامانج، بۆیە بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمان نییە لە سەرەتای وەرزی هاوین کێڵگەکانی هەرێم [ی کوردستان] بەئامانج بگیرێن."
ئێوارەی هەینی (27ـی نیسان) بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا و دووانیش بریندار بوون، هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی گاز راگیرا و کارەبای هەرێمی کوردستانیش کەم بووەوە.
هەرچەندە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گاز بە ئامانج بگرن، ئامانجەکەی حکومەتی عێراقی زیاتر دوادەخەن کە گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوییە لەڕووی بەرهەمهێنانی گازەوە. ئەگەر بێت و نیەتێکی جدی نەبێت لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ رێگریکردن لەمانە، ئەستەمە بگاتە ئەو ئاستەی کە پلانی بۆ داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ