مامۆستایانی وانەبێژ داوای پشتگیریی دامەزراندن لە وەزیری دارایی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ و وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە، نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت، داوایان کردووە وەزیر پشتیوانی لە داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندن بکات.
کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەچوارچێوەی سەردانەکەمان بۆ بەغدا رۆژی پێنجشەممە 2ـی ئایاری 2024، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووینەوە و پەیام و کێشە و گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژمان پێگەیاند."
نوێنەرانی وانەبێژان کە چەند پەرلەمانتارێکیشیان لەگەڵدا بووە داوایانکردووە تەیف سامی، پشتیوان و پشتگیری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان بێت و "هاوشێوەی وانەبێژانی دیکەی عێراق مافیان پارێزراوبێت."
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ گوتی، داوایانکردووە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانیان بکرێت کە پێویستی بە یاسای بودجە و دەرچەی یاسایی هەیە بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست.
لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 740 مامۆستای وانەبێژ هەن، مانگانە زیاتر لە 18 ملیار دیناریان پێویستە بۆ شایستەی دارایی. نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی پێشتر مامۆستایانی وانەبێژ بەناوی گرێبەست بخاتە نێو لیستی مووچەخۆرانەوە."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکەیان "چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراقیین بە نزیکترین کات بەفەرمی وەڵامی نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وانەبێژان بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بداتەوە."
رۆژی چوارشەممە 1ـی ئایاری 2024، دەستەی وانەبێژان لەگەڵ لیژنەی دارایی و ژمارەیەک پەرلەمانتار و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەتەوە. بە گوتەی ئەو نوێنەری مامۆستایان، هەموویان پشتگیریی داوای وانەبێژانیان کردووە.
9ـی ئەم مانگە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای جەژنی رەمەزان، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات "لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
بە گوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.