ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر: گواستنەوەی ئاو لە پڕۆژەی ئیفراز سێ دەستیپێکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەڵێت، دوایین قۆناخی بەستنەوەی بۆریی نوێی ئیفراز سێ لە شوێنی بۆرییە کۆنەکە کۆتاییهات و وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ دەستی بە کارکردەوە، گواستنەوەی ئاویش بۆ نێو شاری هەولێر دەستیپێکردەوە.
 
رۆژی سێشەممە 02-05-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا ئاماژەی بە تەواوبوونی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ کردووە و رایگەیاندووە، دواقۆناخی گۆڕینی بۆرییەکە کە درێژییەکەی زیاتر لە 2750 مەترە بەیانیی ئەمڕۆ تەواو بووە کە بۆریی GRP بۆ کاربۆن ستیل بەتیرەی 1500ملیم لە وێستگەی ناوەندی مارعۆدا تاوەکو گەڕەکی 108ی عەنکاوە گۆڕدراوە. 
 
وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ، وەک ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەڵێت، "دەستی بە کارکردن کردەوە و گواستنەوەی ئاو بۆ نێو شاری هەولێر دەستی پێکردەوە."
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ ماوەی 15 ساڵە دروستکراوە و تائێستا چەندین جار شکاوە و چاککراوەتەوە. رۆژی دووشەممە 01-05-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی گوتی، (شەوی دووشەممە) گۆڕینی بۆرییەکە تەواو دەبێت و سێشەممە ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکانی هەولێر.
 
دوای ئەوەی چەندین جار بۆری ئاوی ئیفراز سێ شکا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بۆرییەکە بگۆڕدرێت، کە بەشێوەیەکی گشتی 11 کیلۆمەترە، بۆ ئەوەش 21 ملیار دیناری تەرخانکرد، بۆیە وەک قۆناخی یەکەم بڕیاردرا سێ کیلۆمەتری بۆرییەکە بگۆڕدرێت. 
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات؛ گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی بێ ئاوی دەبوونەوە.
 
لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز هەیە؛ ئیفراز یەک ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.