ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی بۆشایی شەرعییەتدایە

02-05-2023
شیراز رەئوف
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە و ئەگەر دادگەی فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی درێژکردنەوەکە، ئەوا هەرێمی کوردستان تووشی بۆشایی شەرعییەت دەبێت و هیچ یەکێک لە دامەزراوەکانی، شەرعییەتی بڕیاردانیان نابێت.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە لە بەغدا لەلایەن نوێنەر فاتیح پێشکێشکرا، گوتی: بەوپێیەی دەستووری عێراق رێگە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن نادات، بەوپێیەش کە لە رووی پەیڕەوی و یاساییەوە پەرلەمان مافی نییە تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، ئەوا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووریی و نایاساییە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 01-10-2022ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام حیزبەکان نەسازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
 
دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە.
 
دواتریش لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا دژی درێژکردنەوەکە تۆمارکرا، پێشتر چەند جارێک دادگەکە دانیشتنی لەبارەی سکاڵاکە ئەنجامداوە و بڕیاردانی دواخستووە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 3/5/2023، جارێکی دیکە دادگەی فیدراڵی لەوبارەیەوە دانیشتن ئەنجام بدات.
 
لەوبارەیەوە دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسن لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە، بەوپێیەی ئەوان بەرپرسن لە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ئێستاش مەترسیی جیدی و گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستبووە، ئەگەر هەڵبژاردن لە کوردستان نەکرێت و شەرعییەتی دامەزراوەکان نوێ نەکرێنەوە، مەترسیی دەستوەردانی عێراقی و نێودەوڵەتی هەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی خوێندەوە کە لەبارەی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
 
دڵشاد شەهاب رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە