لە کەلار نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە 250 بۆ 500 دینارە


رووداو دیجیتاڵ

جیا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی زیادبوونی کارەبای نیشتمانییەوە، لە کەلار نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی نیسان لە نێوان 250 بۆ 500 دینارە. گوتەبێژی قایمقامییەتی کەلار دەڵێت، پارەی مانگی نیسانی موەلیدە وەرناگیرێت و لەگەڵ مانگی داهاتوودا پێکەوە وەردەگیرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی ئایاری 2023، هەردی سەرکەوت، گوتەبێژی قایمقامییەتی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم مانگە کارەبای موەلیدە زۆر کەم بووە؛ نرخی ئەمپێرێکی 250 بۆ 500 دینار دەبێت بەگوێرەی گەڕەکەکان".
 
بەهۆی ئەوەی کارەبای موەلیدە کەم بووە و پارەی ئەمپێریش کەمە، هەردی سەرکەوت گوتی، پارەی مانگی نیسان وەرناگیرێت و لەگەڵ پارەی ئەم مانگەدا لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت.
 
لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نرخی ئەمپێری موەلیدە زیاتر بووە لە کەلار، لە هەولێر لە نێوان 2750 بۆ 7500 دینار، سلێمانی لە نێوان 4000 بۆ 5000 دینار و لە هەڵەبجە لە نێوان 2750 بۆ 4000 دینارە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی هەن و کەمیی کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان پڕدەکەنەوە.