عەبدولستار مەجید: ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ناکرێت

02-05-2023
شیراز رەئوف
بەشداریی عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
بەشداریی عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "پێمان وانییە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت و نائومێد بووین لەوەی پەرلەمانی کوردستان بتوانێت گرفتەکان چارەسەر بکات، بۆیە لە پرۆسەی سیاسی کشاینەوە."
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "لە چەند مانگی رابردوودا و دوای درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان، بڕیارماندا ئەندامێتیمان هەڵپەسێرین، بەڵام لەپێناوی ئەو یاسایانەی رەهەندی قووڵیان هەیە وەکو هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و پرسی دەستوور، نەکشاینەوە، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت گرفتەکان چارەسەر بکات، بۆیە بە تەواوی لێی کشاینەوە."
 
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کشانەوەی نوێنەرانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "لەلای هەموو لایەک ئاشکرایە کە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاری درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پەیدابووە و ترسی جیددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکە دروست بووە."
 
لەبارەی هۆکاری کشانەوەیان لە ئەنجوومەنی پارێزگا و حکومەتی خۆجێی سلێمانی، عەبدولستار مەجید دەڵێت، "ئەنجوومەنی پارێزگا رۆڵی پەرلەمان دەبینێت بۆ پارێزگاکەی، ئێستا تەمەن و شەرعییەتی ئەویش بەسەرچووە، بۆیە لێی کشاوینەتەوە و حکومەتی خۆجێییش بە هەمان شێوە شەرعییەتی نەماوە، بۆیە نوێنەرەکانمان دەکشێنەوە."
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان حەوت ئەندامی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەیە. قایمقامی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی ئیسێوە لە ئیدارەی راپەڕین، باوەنوور لە گەرمیان، ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ و سیروان لە هەڵەبجە سەر بە کۆمەڵی دادگەرین. جگە لەوەش بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە پشکی ئەو حیزبەن.
 
بە گوتەی عەبدولستار مەجید، ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت و دەڵێت، "هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی هەندێک لایەنی سیاسی نییە، بۆیە رێگری لە پرۆسەکە دەکەن."
 
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی خوێندەوە کە لەبارەی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
 
دڵشاد شەهاب بە میدیای راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
 
رۆژی 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد و رۆژی 01-10-2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.