ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر پەیکەری بازێکدا دەگرێت کە بەهاکەی 70 هەزار دۆلارە

 
رووداو - هەولێر

نزیکەی 9 مانگە دەستبەسەر پەیکەری بازێکدا گیراوە کە دەستکردی عوسمان کەمال عوسمان ئاغایە، کە ناوی دووەمی کاردۆیە و پیشەی دیزاینەری زێڕ و زیو و ئەڵماسە. عوسمان کەمال خەڵکی هەولێرە، بەڵام لە ساڵی 1998ـەوە لە بەریتانیا دەژی، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا بڕیاری داوە ئەو پەیکەری بازە دروستبکات.
 
کاردۆ کەمال، خاوەنی پەیکەر دەڵێت، "زێڕینگری ناو بازاڕ خەبەریان پێدام کە بۆچی لۆگۆی حیزبی پارتی دروستناکەیت؟ گوتم: بۆچی؟ گوتیان، رەواجی هەیە."
 
ماوەی هەشت مانگە کاردۆ هاتووەتەوە هەولێر و خەریکی دروستکردنی پەیکەری بازەکە بووە، دواتر لای هاوڕێیەکی بە ئەمانەت جێیهێشتووە تاوەکو بۆی بفرۆشن و خۆی گەڕاوەتەوە بەریتانیا. پێنج ساڵ بازەکە بێ کڕیار ماوەتەوە، تاوەکو مانگی ئابی 2022 هەواڵی بۆ هاتووە کە کڕیارێکی عەرەب دەیەوێت بیکڕێت، کاتێک سێ هاوڕێی کاردۆ لەگەڵ پەیکەری بازەکە چوون بۆ چاوپێکەوتنی کڕیارە عەرەبەکە، لە شوێنی کڕیار، ئاسایش دەستگیری کردوون.
 
کاردۆ کەمال دەڵێت، "لە کاژێری یەکەم کە ئەوانیان گرتووە، گوتوویان: خواتان لەگەڵ و پەیکەرەکە بەجێبهێڵن. واتە لە کاژێری یەکەم نیەتیان ئەوە بووە ئەو ماڵە بخۆن."
 
بە گوتەی ئەو پیاوە، هاوڕێکانی دوای سێ مانگ لە دەستگیرکردنیان، ئازاد کراون و پێشیان نەگوتراوە تاوانیان چی بووە و تەنیا شت کە پێیان نەدراوەتەوە پەیکەری بازەکە بووە.
 
کاردۆ باسی لەوەش کرد، "ئەوە هەشت مانگە من دەهێنن و دەبەن وەکو تۆپیان لێکردووم، خێزانەکەشم بەجێهێشتووە، بە خوا ناچمەوە هەتا ماڵەکەم وەرنەگرمەوە، یان ئەوەتە حکومەت بڵێت بابە موسادەرەم کردووە، وەسڵێکم بدەنێ یان تاوانێکم بۆ بدۆزنەوە کە من کردوومە."
 
پەیکەری بازەکە کێشەکەی 5 کیلۆگرام و 700 گرامە، لە زیو دروستکراوە و پاشان ئاو زێڕ کراوەتە سەر پشتی بازەکە و بە ئەڵماسی ورد داپۆشراوە؛ تێچووی دروستکردنی 70 هەزار دۆلار بووە.
 
موئەیەد مستەفا یەکێک لە هاوڕێکانی کاردۆیە کە دەستگیر کرابوون و دەڵێت، "نە ئاسایش دەڵێت لای ئێمەیە و نە دادگە دەڵێت لای ئێمەیە، نە وەڵاممان دەدەنەوە کە ئایا ئەو کەلوپەلە نە دزیارییە، نە سکاڵایەکمان لەسەرە و نە شتێکی قەدەخەیە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، پەیکەری بازەکە لەلایەن ئاسایشی هەولێر بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و تاوەکو ئێستا رادەستی خاوەنەکەی نەکراوەتەوە.
 
کاردۆ دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی بازەکە، دووبارە نمایش کراوەتەوە بۆ فرۆشتن، "لە بازاڕی هەولێر زێڕینگرێک بە منی گوت: تۆ دەڵێیت ماڵەکەم گیراوە، ئەوە نمایش کراوە و دەتەوێت بیفرۆشیتەوە و دەشڵێی گیراوە. گوتم، بابە سوێند بە خوا لای من نییە."
 
لەسەر ئەو کەیسە چەند جارێک کاردۆ بە نووسراو داوای لە دادگەی هەولێر کردووە بۆئەوەی پەیکەرەکەی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام تائێستا بۆی نەگەڕێندراوەتەوە.