وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و چوارشەممە دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات

02-05-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و بڕیارە نانی ئێوارە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بخوات و سبەی چوارشەممە 03-05-2023 دەست بە کۆبوونەوە فەرمییەکانی بکات.

رۆژی سێشەممە 2ی ئایاری 2023 گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندێکی ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کورستانەوە پێشوازیی لێکرا.

رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، گویدۆ کرۆسێتۆ نانی ئێوارە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەخوات و سبەی چوارشەممە لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 02-05-2023 گیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندەکەی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری نوێی بەرگریی ئیتاڵیایە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت بۆ ئیتاڵیا لە 12-04-2023.

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بوو.

ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و  900 راوێژکاری سەربازی لە باشووری کوردستان و عێراق هەن.

راوێژکارانی سەربازی و سەربازانی ئیتاڵیا لە چەند ساڵی رابردوودا راهێنانیان بە 58 هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە؛ جگە لەوە، ئیتاڵیا تئێستا 430 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتیی دارایی و قەرز داوەتە عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە