کەسوکاری کاوە بازیانی سکاڵا لەسەر عەلی مەحموود تۆمار دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بنەماڵەی کاوە بازیانی، کەسایەتیی ناوچەی بازیان و سلێمانی و هۆزی کافرۆشی، کە شەوی 23ـی مانگی رابردوو لە بازیان تەقەی لێکرا و دواتر گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ لە بنکەی پۆلیسی گەڕەکی راستی لە شاری هەولێر سکاڵایان لەسەر عەلی مەحموود، چالاکڤان و نووسەری دیاری بواری جینۆساید تۆمارکرد. 
 
رۆژی سێشەممە، 2-5-2023، بێتوش کاوە بازیانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ بە تۆمەتی داڵدەدانی بکوژی باوکیان و هەروەها سەرپەرشتیکردنی "هەڵمەتێکی زۆر نەشیاو و ناوزڕاندن و قسەگوتن بە بنەماڵەکەیان" سکاڵایان لەسەر عەلی مەحموود تۆمارکرد.
 
بێتوش کاوە بازیانی گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی؛ ئێمە عەلی مەحموود خۆی چووە بە شوێنی تاوانبارەکە و بردوویەتی بۆ لای خۆی وەکو ئەوەی ئاسایش پێیانگوتووین." کوڕی گەورەی کاوە بازیانی ئاماژەی بەوەشدا "هەڵمەتێکی میدیایی چڕ" هەبووە و بەردەوامە بۆ ناشرینکردنی بنەماڵەکەیان، بۆیە دەڵێت: "ئێمە سکاڵا لەسەر چەند کەسێکی دیکەش تۆماردەکەین لەوانەی ئەو هەڵمەتانە بەڕێوەدەبەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-4-2023، لە نزیک تاسڵوجە تەقە لە کاوە بازیانی، کەسایەتیی دیاری هۆزی کافرۆشی و سلێمانی کرا، دوای 5 رۆژ و بەدیاریکراوی لە رۆژی سێشەممە، 25-04-2023، ئاسایشی هەولێر دەقی دانپێدانانی بکوژی کاوە بازیانی بڵاوکردەوە کە ناوی بابان ئیبراهیمە و رایگەیاند "لە ماڵی هاووڵاتی عەلی مەحموود" دەستگیریان کردووە.
 
هیوا عومەر، هاوڕێی نزیکی عەلی مەحموود لەبارەی دۆسیەکەوە بە رووداوی گوت: "بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ئەو مادە یاساییەی عەلی مەحموودی پێ تۆمەتبارکراوە دەبێت بە کەفالەت ئازادکردنی هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا پارێزەرەکانی، عەلی مەحموودیان نەبینیوە و دۆسیەکەی لە ئاسایشە و نەگەڕاوەتەوە بۆ پۆلیس، بۆیە داوای ئازادکردنی بەکەفالەت نەکراوە."
 
هیوا عومەر گوتیشی: "ئێمە هەوڵ دەدەین عەلی مەحموود ببینین بزانین دۆسیەکە و بابەتەکە چۆنە و چیمان پێدەڵێت لەسەر ئەو رووداوانەی روویانداوە."
 
ئاسایشی هەولێر لە دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی کاوە بازیانی، لە روونکردنەوەکەیدا کە هاوپێچ گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵدا بڵاوکردەوە، رایگەیاند: "توانرا تۆمەتبار (بابان ئیبراهیم حەبیب قاسم) لە شاری (هەولێر/گەڕەکی راستی) لە ماڵی هاووڵاتی (عەلی مەحموود محەمەد) ناسراو بە (عەلی سیاسی) دەستگیر بکرێت، هاوکات خاوەن ماڵ (عەلی مەحموود محەمەد) بەپێی ماددەی (271) لە یاسای سزادانی عێراقی بەتۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبار دەستگیر کرا."
 
تۆمەتبار لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت: "کاوە بازیانی لە هەشتاکاندا و پێش لەدایکبوونی من، باوکمی کوشتووە".