خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەبارەی گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر بەغدا: چاوەڕوانی پەسندکردنی بودجەین


رووداو دیجیتاڵ 

هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە گفتوگۆدان بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە کەرکووکیش دەڵێت، "چاوەڕێی پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراقین بۆ ئەوەی بزانین راژەی مامۆستایانمان دەگوازرێتەوە سەر پەروەردەی عێراق یاخود بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخاندەکرێت." 
 
زیاتر لە 13 هەزار مامۆستای کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان راژەیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و داوا دەکەن بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، تەنیا لە سنووری پەروەردەی خانەقین 3 هەزار و 600 مامۆستا وانە دەڵێنەوە و مووچەیان لەسەر هەرێمی کورستانە. 
 
لەبارەی هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی کوردی بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی شاندێکی وەزاری بە سەرپەرشتی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و بەرنامەیەکی چڕوپرمان پێشکێشی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کرد بۆ گواستنەوەی راژەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی دیکە." 
 
خوێندنی کوردیی لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە کەرکووک دەستیپێکردووە، 88 هەزار قوتابی لە 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا لەژێر سەرپەرشتی زیاتر لە 10 هەزار مامۆستادا بە کوردی دەخوێنن. لەو 10 هەزار مامۆستایە نزیکەی هەشت هەزاریان راژەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە و نزیکەی دوو هەزار مامۆستا لە بەغداوە مووچە وەردەگرن.
 
بەگوتەی شێرزاد رەشید، وەزارەتی پەروەردەی عێراق دیراسەی ئەو پێشنیازە دەکات کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایان رادەستیکردوون و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا وەڵامێکی فەرمیمان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵەوە پێ نەدراوەتەوە، بەڵام کاروبارەکان بەباشی بەرەوپێش دەچن و هیچ بەربەستێک نەهاتووەتە پێشەوە." 
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە کەرکووک گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی وانەی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە بودجەی گشتیی عێراق و پێیوایە: "دەبێ چاوەڕێبکەین بودجەی عێراق پەسندبکرێت بۆ ئەوەی بزانین خوێندنی کوردی لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داندراوە یان وەکو بودجەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."