کۆنفرانسێکی زانستی بۆ جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر دەبەسترێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر کۆنفرانسێکی زانستیی تایبەت بە جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەبەسترێت و تاوەکو ئێستا 139 توێژینەوە پێشکێشکراون. لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک توێژەری نێوخۆیی و بیانی باسی قۆناخ و لێکەوتە و سەرجەم رەهەندەکانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەکەن.
رۆژی دووشەممە 1-5-2023، پرۆفیسۆری یاریدەدەر عەبدولرەحمان دەروێش، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی "کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی کوردستان-جینۆسایدی کوردی فەیلی"، لەبارەی وردەکاریی کۆنفرانسەکەوە کە ئەمڕۆ (سێشەممە) دەستپێدەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کۆنفرانسی زانستییە بۆ تیشکخستنەسەر جینۆسایدی گەلی کورد".
کۆنفرانسەکە لە رۆژانی 2 تاوەکو 4ـی ئایاری 2023 لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.
جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق بەچەندین قۆناخ دەستی پێکردووە و لەسەردەمی پاشایەتییەوە تاوەکو رژێمی بەعس. گەورەترین قۆناخی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بوو، دوای ئەوەی لەساڵی 1980 بەپێی بڕیاری 666ـی بەعس کوردانی فەیلی لە ماڵ و حاڵییان دەرکران و بێبەشکران و بڕیاردرا هەموو موڵکەکانیان لێوەربگیرێت.
بەپێی ئامارەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە رێگەی دەربەدەریدا.
سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە گوتیشی "جینۆسایدی کوردانی فەیلی کارەساتێکی گەورە بوو و جگە لە ناوەندی بەغدا، 14 شار و ناوچەی فەیلییەکان لە بەدرە و جەسان، مەندەلی، زورباتییە، بەلەدروز و چەندین ناوچەی دیکە رووخێنران".
بەگوتەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر عەبدولرحمان دەروێش، ژمارەیەکی زۆر پرۆفیسۆر و پسپۆری نێودەوڵەتی و خۆماڵی لە کۆنفرانسەکە ئامادەدەبن و پانێڵەکان پێشکێش دەکەن، تاوەکو ئێستاش 139 توێژینەوەیان بەدەست گەیەشتووە، کە دوای تەواوبوونی قۆناخی هەڵسەنگاندنی زانستیی توێژینەوەکان، بڕیار دەدرێت چەندیان بەشدار دەبن.
هەروەها باسی لەوەکرد کۆنفرانسەکە ژمارەیەک راسپاردەی دەبێت و گەڵاڵە دەکرێت و لە زۆرترین وێبسایت و گۆڤاری زانستی بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوە ببێتە سەرچاوە لەبارەی جینۆسایدی دژی گەلی کورد.