فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە شنگال: پەکەکە دەستی بە هێنانی هێز لە رۆژئاواوە بۆ شنگال کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، پەکەکە دەستی بە هێنانی هێز کردووە لە ناوچەی بەحرێ و هۆلی پارێزگای حەسەکەوە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ سنووری شنگال. گوتیشی "چەندین مەفرەزەی بە چەکەوە ناردووە و هێزەکانی عێراقیش لەو ناوچانەی ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵیانکردەوە نەکشاونەتەوە." 
 
رۆژی دووشەممە، 2-5-2022، عەقید لوقمان گەلی ئیبراهیم، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی شنگال و ناوچەکانی دەورووبەرییەوە کە بەهۆی شەڕی سوپای عێراق و چەکدارانی یەبەشەی نزیک لە پەکەکەوە ئەمڕۆ ئەمنییەتی ناجێگیربوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی زانیاریی دروست و بەڵگەدار، هێزەکانی پەکەکە دەستیانکردووە بە ناردنی مەفرەزەی 5 گەریلایی و 10 گەریلایی و تا ئاستی 20 گەریلایی، چەندین مەفرەزەیان لە ناوچەکانی بەحرێ و هۆل لە پارێزگای حەسەکە بۆ ناوچەی قەراچی کۆڵک و لەوێوەوە بۆ خانسۆر و دواتر بۆ شنگال رەوانە دەکات و چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە لەو ناوچەیە شەڕ هەڵبگیرسێنێت و دۆخەکە خراپتر بکات." 
 
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی"ئەمڕۆ هێزەکانی عێراق کۆمەڵگەی دووگرێیان کۆنتڕۆڵکرد و قوتابخانەیەکیش بە فڕۆکە بۆردوومانکرا و هێشتا هێزەکانی سوپای عێراق لە دەورووبەری ناحیەی سنوونێ ماون و نەکشاونەوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هێزەکانی یەبەشە لە نێو ناحیەی سنوونێن." 
 
عەقید لوقمان گەلی ئیبراهیم، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، هۆشدارییدا لەوەی ئەگەر هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری نەکشێنەوە جارێکی دیکە کێشە بۆ ئێزدییەکان دروستدەبێت.
 
تاوەکو ئێستا پەکەکە و هێزەکانی نزیکی، هیچیان لەبارەی ناردنی هێز لە رۆژئاواوە بۆ سنووری شنگال باشووری کوردستان رانەگەیاندووە.
 
ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و یەبەشە روودەدات، هێزەکانی عێراق داوا دەکەن هێزەکانی سەر بە پەکەکە شنگال جێبهێڵن، بەڵام ئەوان ئامادەنین داواکارییەکەی سوپای عێراق جێبەجێ بکەن. رۆژی دووشەممە لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای عێراق و یەبەشەدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.
 
رۆژی دووشەممە 2ـی نیسانی 2022، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو بەشداری کرد، کە سیما ئابخزێر پێشکێشی دەکات و گوتی: "بە داخەوە کە هەر جارێک رووبەڕووبوونەوە لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی نزیک لە پەکەکە روودەدات خەڵکی ئێمە دەبێتە قوربانی و دەربەدەردەبن. بەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە شەڕ لە نێوانیاندا روویداوە و کوژراو و بریندار هەیە."
 
رۆژی 18 و 19ی نیسانی 2022، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزێکی نزیک لە پەکەکە لە سنووری شنگال روویدا و چەند کەسێک برینداربوون، هەروەها دوو سەرباز لەلایەن یەبەشە و چەند شەرڤانێکی یەبەشەش لەلایەن هێزە عێراقییەکان دەستگیرکران.
 
هەرچەندە رۆژی 1ی نیسانی 2021، ئەو مۆڵەتەی سوپای عێراق بە هێزە چەکدارەکانی دابوو بۆ دەرچوون لە شنگال تەواوبوو، بەڵام بەشێک لەو هێزانەی نافەرمین هێشتا ماون و چەند جارێک لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەش کێشەیان هەبووە.
 
لە 09-10-2020 بەغدا و هەولێر لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاكە لەڕووی كارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی هاوبەش رێككەوتن، بەڵام هێشتا لەڕووی ئەمنییەوە چەندین هێزی سەربازی لەو ناوچەیە هەن، کە ئەوانیش بریتین لە: هێزی پاراستنی ئێزیدخان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە.
 
رێککەوتنەکە بەسەر سێ تەوەری "کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە" دابەشبووە، لەگەڵ پاشکۆیەکی 9 خاڵی، کە خشتەی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالی تێدا خراوەتەڕوو.