رووداو دیجیتاڵ
لەنێو دۆڵ و چیاکانی ناوچەی مێرگەسۆردا، لە بەرزایی دوو هەزار و 200 مەتر لە قەد پاڵی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا، روو لە رۆژئاوابوون، ئەشكەوتی شانەدەر دەبینرێت، ئەشکەوتێک کە تاوەکو قەد پاڵی چیاکە ئۆتۆمبێل پێی دەگات و دواتر گەشتیاران بەو پەیژانەی دروستکراون دەچنە نێو ئەشکەوتەکە.
لە یەکەم دیمەندا پەیکەری ئەو شوێنەوارناسە ئەمریکییە بەنێوبانگە دەبینرێت، کە لە ساڵانی 1951 تاوەکو 1960 لێکۆڵینەوەی لە ئەشکەوتەکەدا کردووە، ئەو شوێنەوارناسە ناوی راڵف سۆلیکییە (Ralph Stefan Solecki) (1917-2019)، دوای ئەوەی زانکۆی کۆڵۆمبیای تەواوکرد، بۆ لێکۆڵینەوە هاتە ئەشکەوتەکە، سەلماندی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتەکەدا ژیاوە.
مێژووی ئەشكەوتی شانەدەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی كۆن، بۆ 80 هەزار ساڵ پێش زایین، بەرزیی ئەشکەوتەکە 18 مەتر و درێژییەکەی 40 مەتر و پانییەکەی 27 مەترە، کە فراوان دەبێت بۆ ناوەوە تا دەگاتە نزیكەی 60 مەتر، بە كۆنترین و گەورەترین ئەشكەوت لە عێراقدا دادەنرێت.