هانس ئاکربووم: دەمانەوێت لەڕووی کشتوکاڵەوە کوردستان وەک هۆڵەندای لێبێت

02-05-2021
محەممەد شێخ فاتیح
هەڤپەیڤینی هانس ئاکربووم، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح
هەڤپەیڤینی هانس ئاکربووم، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح
نیشانەکردن کوردستان هۆڵەندا کشتوکاڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە ئیمپراتۆریەتەکانی کشتوکاڵ لە جیهان هۆڵەندایە، هەرێمی کوردستان کە دەوڵەمەندە بە ئاوی شیرین، رووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵیی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەرتی کشتوکاڵ لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی داهات.
 
لەسەر بابەتە کشتوکاڵییەکان لەگەڵ هانس ئاکربووم، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەین لەبارەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان چۆن بتوانێت سوودمەند بێت لە ئەزموونی هۆڵەندییەکان، تاوەکو سەرمایەگوزاریی و پلانە کشتوکاڵییەکانی هۆڵەندا بێتە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: دەتوانن داویین زانیارییمان پێبدەن لەسەر پرۆژەکانتان لە کوردستان کە لەگەڵ جووتیاراندا چیتانکردووە؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: سوپاس بۆ میوانداریکردنی من لەم بەرنامەیە. بە خۆشحاڵییەوە باسی ئەوە دەکەم کە هۆڵەندا لە بواری کشتوکاڵدا چ دەکات. هۆڵەندا، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری بەروبوومی کشتوکاڵییە لە جیهاندا. ئەمەش سەرنجڕاکێشە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی وڵاتی ئێمە زۆر بچووکە. ئەگەر هۆڵەندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەراورد بکەین، لەڕووی رووبەرەوە، هۆڵەندا زۆر بچووکە. سەرەڕای ئەوەش وڵاتی ئێمە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری بەرووبوومی کشتوکاڵییە لە جیهاندا. ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە و هۆڵەنداش لە پلەی دووەمدایە. پرسیارەکە ئەوەیە هۆڵەندا کە وڵاتێکی هێندە بچووکە، چۆن توانیویەتی ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری کشتوکاڵی؟ وەڵامەکە ئەوەیە چونکە هۆڵەندا پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵی بەرهەمدەهێنێت. ئێمە داهێنان دەکەین، داهێنانی ئاست بەرز. لەبەرئەوەیە کە دەتوانین لە پلەی دووەمدا بمێنینەوە. بەڵام حەزدەکەین کارێک بکەین کوردستانیش وەک هۆڵەندای لێبێت. لەهەوڵداین کە یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەین بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵیی. بەتایبەتیش سەرۆکوەزیران داوای لە هۆڵەندا کردووە لە بواری کشتوکاڵدا چالاک بێت. راستە ئێوە نەوتی زۆرتان هەیە، بەڵام جگە لە نەوت، ئێوە هەلی ئەوەشتان هەیە بەرووبوومی باشی کشتوکاڵیش بەرهەم بهێنن. 
ئێستا ئێوە لە وڵاتانی دەوروبەرتانەوە بەرووبوومی کشتوکاڵی هاوردە دەکەن. پارەی زۆری تێدەچێت، زۆرجار کوالێتیشی باش نییە، جگە لەوەی ئەو میوە و سەوزەیە تا دەگاتە ئێرە کۆن دەبێت. کەوایە بۆچی خۆتان بەرهەمی ناهێنن؟ ئێمە یارمەتیتان دەدەین وا بکەن. ئەوە هۆکاری سەرقاڵی ئێمەیە بە کشتوکاڵەوە لە کوردستان. 
 
رووداو: تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لێکردوون کە رۆڵتان هەبێت لە گواستنەوەی ئەزموونی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: بەڵێ، ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی ئێرە. بەتایبەتی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ. چونکە داوامان لێکراوە پشتگیری هەرێمی کوردستان بکەین لە دۆزینەوەی شێوازی نوێ و بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵ. ئەوەی ئێمە لەگەڵ حکومەتەکەتان دەیکەین ئەوەیە کە پێکەوە دادەنیشین و هەوڵدەدەین ستراتیژیی گەشەپێدانی کشتوکاڵ دابنێین. جگە لە کەرتی کشتوکاڵ، هۆڵەندا یارمەتی کوردستان دەدات بۆ وەبەرهێنانی ئابووری. بۆ نموونە شایەتحاڵی واژۆکردنی گرێبەستێک بووم لەگەڵ جووتیارێک، ئەو جوتیارە کاهوو بەرهەمدەهێنێت. کاهووی فرێش. بۆ ئەو کارەی پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری خانووی شوشەییە. ئێمە وەک هۆڵەندا دەخوازین بەرێژەی 50% پشتگیری ئەو جوتیارە بکەین بۆ  وەبەرهێنان لە خانووی شوشەییدا. 
 
رووداو: ئێوە لەڕێگەی چ دەزگایەکەوە ئەو پاڵپشتییە داراییانە دابین دەکەن؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک وەزارەت لە حکومەتی هۆڵەندا لە پەیوەندیداین. هەموو ئەو وەزارەتانە ئامادەن پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکەن. بۆ نموونە، وەزارەتی کشتوکاڵی هۆڵەندا چالاکانە پشتگیریمان دەکات، ئەوە جگە لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا. هەروەها وەزارەتی گەشەپێدانیش کارمان لەگەڵ دەکات. بەمجۆرە هۆڵەندا پشتگیریی چەندین پرۆژە دەکات لێرە. 
 
رووداو: دەگوترێت ئەگەر سەرکەتووبوون لە هەرێمی کوردستان دەتانەوێت ئەو ئەزموونانە بگوازنەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەوە راستە؟ 
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: بێگومان، ئێمە چاومان لەوەیە کە هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە بەروبوومی کشتوکاڵی کوالێتی بەرز بەرهەمبهێنێت. کاهوو، لۆبیا، پەتاتە و هەموو بەرهەمێک. بەڵام بێگومان، ئێرە بەشێکە لە عێراق، بیرۆکەکە ئەوەیە لێرە لە هەرێمی کوردستان یەکەم هەنگاو بنێین، دواتر هەنگاوبنێین بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق. چونکە دەرکەوتن لەو بوارەدا لە باکووری عێراق، دەتوانرێ ببێتە سەرکەوتن لە هەموو بەشەکانی عێراق. 
 
رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر چوومە گوندی چەرمۆ لە نزیک چەمچەماڵ لە سلێمانی، لەوێ 9هەزار ساڵ لەمەوبەر کشتوکاڵ کراوە، تۆ ئەوێت دیوە ؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: چەند مانگێک لەمەوبەر سەردانم کرد. من وەک کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا حەزدەکەم سەردانی هەموو بەشەکانی هەرێمی کوردستان بکەم. لە راستیدا چوومە ئەو شوێنەش. چونکە ئێوە نەریتێکی زۆر درێژخایەنتان هەیە لە بواری کشتوکاڵدا.
 
رووداو: ئەوێ ئاسەواری گوندێکی دێرینە، لەوێ شوێنەواری گەنم و کەرەستەی کشتوکاڵیی دۆزراونەتەوە، لەوێ مرۆڤ بە پاچەکۆڵە کشتوکاڵی کردووە، بەڵام ئێستا پێشکەوتنی بەرچاو نابینرێت لە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، ئێمە لەو مێژووە زۆرەدا کشتوکاڵمان کردووە، بەڵام ئێستا هاوردەکارێکی سەرسەختی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانین لە وڵاتانی دەرەوە.
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: بێگومان زۆر گرنگە دەست بە کولتووری خۆتانەوە بگرن، مێژووی خۆتان خۆشبوێ. کاتێک ئەو جووتیارانە دەبینم کە بە شێوازی کۆن سەرقاڵی کشتوکاڵن، زۆرم پێمخۆشە ئەو جووتیارانە لە نزیکەوە ببینم. بەڵام بێگومان پێویستە بیریش لە داهاتوو بکەینەوە. تا دێ ژمارەی دانیشتووان لە عێراق و هەموو جیهان زیاد دەکات، بۆیە پێویستە بیر لە چارەسەرێکی درێژخایەن بکەینەوە. چونکە ئێمە هەموومان لە یەک جیهاندا دەژین و ناکرێ ئەم جیهانە بشێوێنین. ئێمە هەوڵدەدەین بە تەکنیکی نوێ کشتوکاڵ بەرەوپێش ببەین، بۆ ئەوەی ئەو کەرتە کاریگەرتر و جێگیرتر بێت. پێویستە ئاگامان لە زەوی بێت، بۆ نموونە ناکرێ دەرمانی قڕکەر بەکاربهێنین، کە جاران بەکارمان دەهێنا، چونکە زیان بە سرووشت و کشتوکاڵ دەگەیەنێت.
 
رووداو: هەر ساڵێک باران زۆر باریبێت بەرهەمی کشتوکاڵیمان زۆر بووە، ئەگەر کەم باریبێت بەرهەمیشمان کەم بووە، ئێمە کێشەمان لە سیستەمی ئاودێریی و ئاودان هەیە، هەنگاوی خێرا و کردارەکیی چییە، راوێژی ئێوە چییە؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: ئەمە پرسیارێکی زۆر زۆر باشە. من خەڵکی هۆڵەندام، هۆڵەندا لەڕووی بەڕێوەبردنی ئاوەوە باشترینە لە جیهاندا. چونکە ناکرێ هەمیشە چاوەڕێی باران بین و کە باران نەبارێ، بۆ نموونە لەم وەرزەدا، نەتوانین کشتوکاڵ بکەین. ئاودێری دروست زۆر زۆر گرنگە. هاوکارە هۆڵەندییەکانم یارمەتی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەدەن لەبواری بەڕێوەبردنی ئاودا. چونکە ئەوە رێگە دروستەکەیە. بۆ ئەوەی بتروانرێ ئەو رێژە بارانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت بە دروستی بەکاربهێنرێت.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەشتی شارەزوورین، کە یەکێکە لە بەپیتترین دەشتەکانی جیهان، هیچ هەوڵێک هەیە تا بەهاوبەشیی سەرمایەگوزاریی بکەن لەو دەشتەدا ؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: ئێمە هەوڵدەدەین دۆخێک دروستبکەین کە قازانجی بۆ هەردوولامان هەبێت. هەندێک وەبەرهێنەری هۆڵەندی حەز دەکەن بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن. سەرنجڕاکێشە کە لێرە لە هەرێمی کوردستان پێنج بۆ شەش هەزار کورد رەگەزنامەی هۆڵەندییان هەیە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە لە هۆڵەندا خوێندویانە و ژیاون. بۆنموونە زانیارییان هەیە لە بواری بەرەوپێشبردن و جێگیرکردنی کەرتی کشتوکاڵ. هەندێکیان بەڕاستی حەز دەکەن لێرە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. بۆ نموونە ئەو کەسەی کە باسمکرد، چەند رۆژێک پێشتر لە سلێمانی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کرا، کوردێکی هۆڵەندییە، لە هۆڵەندا ژیاوە و خوێندوویەتی، بەڵام لێرە لە کوردستان وەبەرهێنان دەکات.
 
رووداو: ئەمە وامان لێناکات بیر لەوە بکەینەوە کە سەندیکا و کۆمیتەیەکی هاوبەشیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندامان هەبێت؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە. ئەوە داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵیش بوو کە لەگەڵ سەندیکاکان و زانکۆکانیش کار بکەین. چونکە یەکێک لە باشترین زانکۆ کشتوکاڵییەکان زانکۆی واگەنینگە لە هۆڵندا. ئەو زانکۆیەش ئامادەی بەخشینی زانیارییە. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەردوولامان قازانج بکەین. لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەین پشتگیریی ئەو جووتیارانەش بکەین کە پرۆژەی بچووکیان هەیە. چونکە نابێ تەنیا بیر لەو جووتیارانە بکەینەوە کە پرۆژەی گەورەیان هەیە، تەنیا لەبەرئەوەی سەرمایەیان لەبەر دەستە. بەڵکو پێویستە و جووتیاری خاوەن پرۆژەی بچووکیش زۆر گرنگن.
 
رووداو: ماوەیەک لەمەوبەر جووتیارێکی پڕئەزموونی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد، ئەو زانیاریی زۆری لەبارەی هۆڵەنداوە هەبوو، چۆن دەتوانن دەرفەتی بۆ بڕوخسێنن کە سەردانی هۆڵەندا بکات ؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: بەڵێ، چەندین جووتیار و خەڵکی دیکەش داوای ڤیزامان لێ دەکەن. چونکە دەیانەوێ بچنە هۆڵەندا. بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێوشوێنەکان تووندن. ئێستا ناتوانین ژمارەیەکی زۆری خەڵک بنێرینە هۆڵەندا. چونکە سنوورەکان داخراون. بەڵام هەمیشە دەرگامان کراوەیە بەڕووی جووتیاراندا بۆ راهێنان و خوێندن. بۆ ئەوەی بچنە هۆڵەندا و سەردانی زانکۆکان بکەن یان قسە لەگەڵ جووتیارانی هۆڵەندا بکەن. چونکە پێویستە شت لە یەکدی فێرببین. 
 
رووداو: لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا ئێوە تووشی نەخۆشیی هۆڵەندیی بوون، کە لەنەوتەوە تووش دەبین، ئێوە چۆن چاکبوونەوە ؟
 
کۆنسوڵی هۆڵەندا: بەڵێ، ئەمەش پرسیاریکی باشە. ئێمە لە هۆڵەندا گازی سرووشتیمان هەیە، سەردەمێک هۆڵەندا تەنیا پشتی بە گازی سرووشتی دەبەست و کەرتەکانی دیکەی پشتگوێ خستبوو. ئەمە پێی دەگوترێ نەخۆشی هۆڵەندی. خۆشبەختانە، ئێوەش نەوتی زۆرتان هەیە، بەڵام نابێ کشتوکاڵ پشتگوێ بخەن. بۆیە کاتێک سەرۆکوەزیرانی ئێوە، مەسرور بارزانی، سەردانی هۆڵەندای کرد و لەگەڵ مارک روتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە، باسی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵیان کرد. چونکە نابێ زۆر پشت بە نەوت ببەستن. بەتایبەتی کە نرخی نەوت دادەبەزێت، کەرتی نەوتی هەرەسدێنێت، کەرتی کشتوکاڵیش لاواز بێت و دۆخەکە خراپ دەبێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە