رووداو دیجیتاڵ
هەزاران فەڵەستینی کە بەشی زۆریان لایەنگری بزووتنەوەی حەماسن، چوونە سەر شەقامەکان، سەرکۆنەی بڕیارەکەی مەحموود عەباس بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن.
15 ساڵە هەڵبژاردن لە فەڵەستین بەڕێوەنەچووە، ئەمجارەش لەسەر قسەی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین دواخرا، ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆکی فەڵەستین دەڵێت، ئیسرائیل ناهێڵێت فەڵەستینییەکانی قودسی رۆژهەڵات دەنگ بدەن.
مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین دەڵێت "بڕیارمانداوە بۆئەوەی پارێزگاریی تەواو لە مافەکانمان بکەین لە قودسی رۆژهەڵاتی پایتەختی هەمیشەیی دەوڵەتەکەمان، مافمان هەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی بکەین، بەربژێرمان هەبێت و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لەو ناوچانە بکەین".
بەڵام گوتەکانی مەحموود عەباس توڕەیی خەڵکی دانەمرکاندەوە، لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماس پێیانوایە بزووتنەوەی فەتح و مەحموود عەباسی سەرکردەیان ترسیان هەیە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی 2006 بدۆڕێن.
تایف قانو، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت "ئەمڕۆ خەڵک چوونەتە سەر شەقام بۆئەوەی جەخت لە قسەی خۆیان بکەنەوە کە ئێمە لەگەڵ قودسین (ئۆرشەلیمین). خەڵک هاتوونەتە سەر شەقام بۆئەوەی بڕیاری مەحموود عەباس بۆ بەلاڕێدابردن و شێواندنی ویست و خواستی خەڵک و داوای یاسایی و سرووشتیی خۆیان لە بەشداریکردن لە پرۆسە دیموکراسییەکە رەتبکەنەوە".
هیچ فەڵەستینییەک کە تەمەنی لە خوار 34 ساڵەوەیە، بەشداری لە هەڵبژاردن نەکردووە.
بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە لە هەلومەرجێکی بێ گەرددا بۆ فەڵەستینییەکان گرنگیی خۆی هەیە. تاوەکو ئێستا بەشێک لە فەرمانبەرانی کەرتی غەززە کێشەی مووچەیان هەیە، لە ساڵی 2006ـەوە کەرتی غەززە لەدەستی بزووتنەوەی حەماس و کەرتی رۆژئاواش لەژێر هەژموونی بزووتنەوەی فەتح-دایە، خەڵکی هەردوولا بوونەتە قوربانیی ئەو ناکۆکی و دووبەرەکییە سیاسییە.
چەکی دەستی گرووپە چەکدارەکان کێشەیەکی مەحموود عەباسە، 15 ساڵە هەوڵی بۆ دەدات و ناتوانێت چەکیان لێ دابماڵێت.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە پەیمانگەی واشنتن کراوە، دواخستنی هەڵبژاردنی فەڵەستین گرژییە نێوخۆییەکانی فەڵەستین زیاد دەکەن و رەنگە دۆخی ئەمنیی فەڵەستینیش ئاڵۆزتر بکەن، ئەمەش مەترسییەکە جۆسێپ بۆرێلی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش هۆشداریی لەبارەوە داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ