رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا دەڵێت، نزیکەی سێ رۆژە فڕۆکەیەک بە 75 سەرنشینەوە لە بەریتانیاوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووە و هیچ سۆراخێکیشی نییە، بەرپرسێکی فڕۆکەخانەی سلێمانییش دەڵێت، "ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە."
رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی نیسانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 12:00ی شەوی 31ی مانگی رابردوو بە کاتی بەریتانیا، فڕۆکەیەک بە 75 سەرنشینەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، بەرەو قەتەر و لەوێوە بەرەو فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕێکەوتووە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووە و هیچ سۆراخێکی نییە، سەرنشینەکانیش وەڵامی پەیوەندیی کەسوکارەکانیان نادەنەوە."
بە گوتەی رەنج پشدەری، "فڕۆکەکە کاژێر 07:00ی بەیانی بە کاتی قەتەر گەیشتووەتە ئەو وڵاتە، لەوێ بە سەرنشینەکانیان گوتووە، فڕۆکەکە کێشەی تەکنیکیی هەیە، هۆتێلێکیان دابین کردووە و گوتوویانە شەو لێرە بمێننەوە، سبەی بەڕێدەکەوین."
ئەو چالاکڤانە پەیوەندیی بە کەسوکاری بەشێک لە سەرنشینەکانەوە کردووە و گوتوویانە، "زیاتر لە دوو رۆژە هەرچەند پەیوەندییان پێوە دەکەین، هیچکام لە سەرنشینەکان وەڵامی پەیوەندی نادەنەوە."
بە بڕوای رەنج پشدەری، "هەموو ئەگەرەکان کراوەن و دیارنییە چی روویداوە، بەڵام ئێمە دەزانین کە پۆلیس و کارگێڕی فڕۆکەخانەی قەتەر تووندن لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرنشینانی هێڵە ئاسمانییەکاندا، رەنگە کێشەیەک روویدابێت، یاخود لەوێوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت رەوانەی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ کرابن، بەڵام بەو پێیەی گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ سلێمانی راگیراوە، ئەوە کێشەی لە گەڕانەوەیاندا دروست کردبێت."
بەڵام دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، هیچ گەشتێک لە بەریتانیاوە بۆ سلێمانی نەبووە و ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ