رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد ستار، منداڵێکی ئۆتیزمی 9 ساڵانە، ئۆتیزمەکەی ئەوەندە تووندە، زیان بە خۆی و دەوروبەرەکەیشی دەگەیێنێت. ئەندامانی خێزانەکەی 7 کەسن، پێنج ساڵە لە ترسی ئازاردانی گیانی، بەنۆرە چاودێریی دەکەن.
سەنیعە سەعدی، دایکی ئەحمەدە و لەبارەی دۆخی منداڵە ئۆتیزمەکەی دەڵێت، "دوو مانگ بردمانە سەنتەرێک، دۆخی باشتر بوو، بەڵام زۆر گران بوو لە توانامان دا نەبوو، ئەگەر حکومەت هاوکاریمان نەکات لە توانای ئێمە دا نییە."
دایکی ئەحمەد باس لەوە دەکات، "منداڵەکە زەرەری زۆرە و هیوایەتی شت شکاندنە، هەروەها زیانی زۆریشی بۆ خۆی هەیە، ئەگەر ئاگاداری نەبین، سەری خۆی لە زەوی دەدات و لە رەمەزاندا زیانی بە ددانیشی گەیاندبوو."
کێشەی سەرەکیی بەردەم کەسانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، کەمیی سەنتەری تایبەت بە راهێنانی ئۆتیزمە، لەکۆی 59 سەنتەر تەنیا 10 یان حکومین و توانای چارەسەر و راهێنانی تەواوی ئۆتیزمەکانی هەرێمی کوردستانیان نییە.
کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمەکانی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە کوردستاندا لە سەنتەری هەموو پارێزگایەک پێویستمان بە دوو سەنتەرە، هەروەها لە شارەکانیش پێویستمان بە سەنتەری گەورە و حکومی هەیە، نەوەک سەنتەرێک 30-40 منداڵی تێدا بێت."
کەمال جەباری دەشڵێت، "لە تەواوی کوردستان تەنیا 10 سەنتەری حکومی تایبەت بە ئۆتیزم هەن، واتە تەنیا 11 بۆ 12٪ـی ئۆتیزمەکانی کوردستان دەتوانن سوودی لێ ببینن. ئەوانەی دیکە سەنتەری تایبەتن و هاووڵاتی دەبێت پارەیەکی زۆر بدات."
بەپێی ئاماری نافەرمیی کۆمەڵەی ئۆتیزمەکانی کوردستان، ژمارەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 900 منداڵی تێپەڕاندووە، هەولێر هەزار و 350، سلێمانی و هەڵەبجە 950، دهۆک 900، زاخۆ 350 و گەرمیانیش 350 ئۆتیزمیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ