لە هەولێر گەنجێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
دوو ماتۆڕسوار لە هەولێر خۆیان بە دارێکدا کێشا و یەکێکیان گیانی لەدەستدا؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەوەی دیکەیش بە سەختی بریندارە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکدایە.
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 02-04-2025 لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر، نزیک وەزارەتی ناوخۆ روویداوە. رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە بەردەم دادپزیشکیی هەولێر رایگەیاند، ''هەردوو ماتۆڕسوارەکان گەنج بوون و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی ماردین محەممەد عەبدوڵڵایە و تەمەنی 18 ساڵە، کارمەندی کۆمپانیایەکی حەواڵەی دراو بووە.
کەسوکاری ماردین تەرمەکەیان لە دادپزیشکیی هەولێر وەرگرتووەتەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی هەولێر بەخاکی بسپێرن.
بەگوتەی رەنجە جەمال شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەش کە ناوی بەڵێنە، بە هەمانشێوە کارمەندی کۆمپانیای حەواڵەی دراو بووە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر، لەژێر چاودێریی چڕدایە.