مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ پرسی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە دیارترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.  
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆببێتەوە.
 
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، جگە لە پێشهاتە نوێیەکان، ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەشداریکردن و وردەکارییەکانی لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێن.
 
جگە لە هەڵبژاردن کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت، باسی بارودۆخی نێوخۆیی کوردستان و عێراق و دەکرێت.
 
شەوی  دووشەممە 1ـی نیسانی 2024، رزگار حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رووداودا گوتی "پەرلەمان پەکخراوە، یان وادەکەی کۆتاییهاتووە. حکومەتیش بەرەو ئەوە دەڕوات ماوەکەی کۆتایی بێت. ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. ئەو متمانەیەی لە لایەن وڵاتانەوە بە هەرێمی کوردستان دراوە، بەهۆی پەرلەمان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە؛ ئەگەر ئەمە نەبێت، بابەتی دیموکراسی و ئازادیمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە."
 
بەپێی ئەو وادەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردووە، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، کە دوو هاوپەیمانی، 10 پارتی سیاسی و 53 بەربژێر لیست و ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن تێیدا پێشکێشکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان دیارترینی ئەو لایەنانەیە کە لیستی ناوی بەربژێرانی پێشکێش نەکرد و بەرپرسانی ئەو حیزبە دەڵێن بەشداری تێدا ناکەن.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.