لە شنگال بە درۆن هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک؛ کوژراو و بریندار هەن

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری قەزای شنگال، بە درۆن هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان دەڵێت: "ئۆتۆمبێلەکە گەریلای پەکەکەی تێدا بووە و کوژراو و بریندار هەن."
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 02-04-2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک، حه‌یده‌ر شه‌شۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان بە رووداوی راگەیاند، "ئۆتۆمبێلەکە گەریلای پەکەکەی تێدا بووە و کوژراو و بریندار هەن."
 
هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکە کاژێر 11:35 بووە و "سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردوویەتی."
 
دژەتیرۆری کوردستان دەشڵێت، "درۆنەکە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە چیای شنگال لە نزیک خێوەتگەی سەردەشت بەئامانج گرتووە، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی پەکەکە کوژراو و دوو چەکداری دیکەش بە سەختیبریندار بوون."