یەکەم هەنگاو بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران نرا

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، کۆبووەوە و سەرۆکی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕين دەڵێت "شارەوانییەکان لە سنووری خۆیانەوە دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە."
 
سێشەممە، 02-04-2024، ئاوارە عەلی، سەرۆکی شارەوانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕين بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانی بە سەرۆکایەتی وەزیر و ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبووەتەوە "کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری کرا بۆ نەخشەدانانی ئاوەدانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان."
 
ئاوارە عەلی گوتی "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بوو بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، دوای راگۆڕینەوە و خوێندنەوەی راپۆرتێک لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە، بڕیاردرا لە سنووری خۆمان ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بکەین."
 
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون، بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە راسپارد.
 
ئاوارە عەلی، سەرۆکی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕين گوتی "لە نزیکترین کاتی گونجاودا دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت."
 
ئەو پارچە زەوییانەی بڕیارە دابەشبکرێن، رووبەرەکەیان 200 مەترە و بڕیارە هەموو ئەو فەرمانبەرانە بگرێتەوە کە سوودمەند نەبوون و لە سنووری خۆیان پێیان بدرێت.