وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنم نزیکەی دوو هێندەی پار بێت و بۆ ساخکردنەوەی شاند دەنێرێتە بەغدا

02-04-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن گەنم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لەنێوان یەک ملیۆن بۆ 1.5 ملیۆن تۆن بێت و بۆ ساخکردنەوەشی شاندێک دەنێرێتە بەغدا.
 
سێشەممە، 02-04-2024، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ساخکردنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبوونەوەی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە شاندێک دەنێرێتە بەغدا بۆ ئەوەی کێشە بۆ ساخکردنەوەی گەنم دروست نەبێت.
 
بەرهەمی ئەمساڵ نزیک دەبێتەوە لە دوو هێندەی پار
 
هیوا عەلی گوتی "پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە عێراق نزیکەی شەش ملیۆن تۆن بێت و 1 بۆ 1.5 ملیۆن تۆنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان بێت." لەکاتێکدا پار بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان، 800 هەزار تۆن بوو.
 
وەرزی دروێنەی گەنم لە ناوچە گەرمەسێرەکانی باشووری کوردستان سەرەتای مانگی پێنجە. ئەمساڵ لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێمی، زیاتر لە 50 هەزار جووتیار رووبەری نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنمیان بە گەنم و جۆ چاندووە. 
 
حکومەتی عێراق، ساڵانە 300 بۆ 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت کە نرخەکەی بەپێی ساڵ جیاوازە و کیلۆی لەنێوان 700 بۆ 900 دینارە. 
 
جگە لە سایلۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر 20 سایلۆ و لە سلێمانیش 12 سایلۆی دیکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنم دروستکراون و ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
 
جووتیارێک: حکومەت گەنممان لێ بکڕێتەوە سوودمەندی باش دەبین
 
حاتەم حوسێن، جووتیارە و قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێ "خەمی فرۆشتنمان نەبێت و حکومەتی عێراق لێمان بکڕێتەوە، سوودمەندی باش دەبین و وەکو ساڵانی رابردووش بێت، زیانی زۆر دەکەین."
 
جەنگی کاکە لاس، جووتیارێکی دیکەی هەرێمی کوردستانە، بە رووداوی گوت "ئەگەر جیاوازیمان نەبێت و وەک جووتیارانی عێراق بێت، زۆر باشە و ئەوان چەندەیان گەنم هەبێت لێیان دەکڕنەوە، بەڵام بۆ ئێمە لە 100 دۆنم 20 تۆنمان لێوەردەگرن، لە کاتێکدا ئەمساڵ لەو رووبەرە نزیکەی 150 تۆنمان دەبێت."
 
جووتیارێکی دیکە بەناوی فەرهاد عومەر دەڵێ زۆر باش دەبێت ئەگەر "تاوەکو وەرزی دروێنە نەهاتووە، هەردوو حکومەت رێککەوتبان، نەوەک کاتی دروێنە، کە هێشتا روون نەبێت گەنمان لێ وەردەگرن یاخود نا."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو کۆی بەرهەمی گەنم نزیکەی 800 هەزار تۆن بوو.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ "پلانمان هەیە بۆ وەرزی بە بازاڕکردنی 2024. ئەم پلانە لەسەر دابەشکردنی ناوچەکانە بەگوێرەی رووبەری کشتوکاڵی و چێندراویان بە گەنم، هاوئاهەنگیێکی باشمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتە و ناتوانین لەوە زیاتر وەریبگرین."
 
هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ ناوی جوتیارانی گەنمیان تۆمارکردووە، کە چەند بنەتۆیان لە چەند دۆنم زەوی چاندووە بۆ ئەوەی کێشەی پارساڵ دووبارە نەبێتەوە و بەرهەمی نێوخۆ لە بەرهەمە بیانییەکە جیابکرێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.