لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی: مانگی ئادار نزیکەی 7000 سەردانی بازاڕەکانمان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی مانگی ئاداری رابردوودا نزیکەی 7000 سەردانی فرۆشگە و شوێنکارەکانیان کردووە، 547 فرۆشگە و شوێن پسووڵەی سەرپێچییان بۆ کراوە. دەشڵێت، بەگوێرەی سەردانەکانیان رێژەی سەرپێچییەکان کەمتر لە 10% بووە، ئەوەش "ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە."
 
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، میوانی پۆدکاستی "بەکاتی سلێمانی" بوو، کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات. گۆران قادر رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئاداری رابردوودا لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە نزیکەی 7000 سەردان بۆ فرۆشگە و شوێنکارەکان کراوە بە مەبەستی چاودێریی بازاڕ.
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتیشی، بەگوێرەی ئەو سەردانانەی لە ماوەی 31 رۆژی رابردوودا ئەنجامیان داوە، رۆژانە تێکڕا نزیکەی 240 سەردانیان کردووە لەلایەن هەر 46 لیژنە هاوبەشەکەی قایمقامیەتەوە.
 
بە گوتەی گۆران قادر، لەو سەردانانەی کردوویانە بۆ چاودێریی بازاڕ 547 پسووڵەی سەرپێچییان بۆ فرۆشگەکان کردووە، کە سەرپێچییان کردووە، هەروەها 243 شوێنیش ئاگادارکردنەوەیان پێدراوە و چوار کەیسیش لە رێگەی بەشی یاسای قایمقامیەتی سلێمانییەوە رەوانەی دادگە کراون.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو شوێنانەی بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، گوتی، نزیکەی 20 شوێن داخراون، هەروەها 35 تۆن کاڵا و شمەک دەستیان بەسەردا گیراوە و لەنێوبراون، بڕی نزیکەی 50 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیکارانیش دراوە.
 
لەبارەی ژمارەی سەرپێچییەکان بەراورد بە دوو مانگی رابردوو، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان دەڵێت، "لە ماوەی مانگی رەمەزاندا ژمارەی سەردانەکانمان زیاتر کردوون، هەروەها رێژەی سەرپێچییەکانیش کەمترە بە دوو مانگی رابردوو، ئێستا رێژەی سەرپێچییەکان کەمترە لە 9% و پابەندی بە رێنوێنییەکان 90%ـە، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوو پێچەوانە بوو."
 
گوتیشی، لە مانگی رەمەزاندا لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی مانگی رەمەزان، لە ماوەی 23 رۆژی رابردوودا شەش فرۆشگەی خواردنەوە کحولییەکان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکان پسووڵەی سەرپێچییان بۆ کراوە و سزا دراون.
 
لەگەڵ هاتنی جەژن و بۆنە جیاوازەکاندا بەشێک لە بازاڕ و فرۆشگەکان داشکاندن بۆ کاڵا و شمەکەکانیان دەکەن. گۆران قادر دەڵێت، "هەر فرۆشگەیەک بیەوێت داشکاندن بۆ کاڵاکانی بکات، دەبێت لیژنەکانمان ئاگادار بکاتەوە و ئێمەش چاودێریی داشکاندنەکەیان دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی داشکاندنەکە، ئەگەر ئاگادارمان نەکاتەوە پسووڵەی سەرپێچیی بۆ دەکەین."
 
لەبارەی پلانی رۆژانی جەژن گوتی، لیژنەیەکی تایبەت بۆ پێشوازی لە جەژنی رەمەزان پێکهێندراوە، لیژنەیەک لە رۆژانی جەژندا چاودێریی هەموو فرۆشگە و چێشتخانە و میوانخانەکان دەکات، لە یەکەم رۆژی جەژندا زیاتر لە 83 چێشتخانە و خواردنگە دەبێت کراوە دەبن.
 
لیژنە هاوبەشەکان سەر بە قایمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانییە، پێکدێت لە 46 لیژنەی جیاواز لە نوێنەری فەرمانگە حکومییەکان، لە ساڵی 2008وە دامەزراوە.