تەرمی گەنجێکی شارەزوور لە 'رووداوێکی تەمومژاویدا' لە سنووری تورکیا و ئێران دۆزرایەوە

رووداو - سلێمانی
 
تەرمی گەنجێکی کورد، کە خەڵکی شارەزوورە، لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا دۆزرایەوە و برایەکی بە رووداوی گوت، "ویستوویەتی بە قاچاخ لە ئێرانەوە بچێتە خاکی تورکیا و بێسەروشوێن بووە. دواتر هەواڵی گیانلەدەستدانیمان پێگەیشتووە، تائێستا دڵنیا نین کە رووداوەکە چۆن بووە."

کاروان مستەفا، برای گەنجەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژێک پێش مانگی رەمەزان فەرەیدوونی برام بە فەرمی چوو بۆ ئێران، بۆئەوەی لەوێوە بە قاچاخ بچێتە تورکیا، چونکە نەیتوانی ڤیزەی تورکیا وەربگرێت، پاش مانەوەی بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک لە ئێران، کە چەندجارێکیش پەیوەندیمان بەیەکەوە کرد، دوایینجار پەیوەندیی پێوەکردینەوە و گوتی: لە گوندێکی سنووری نێوان ئێران و تورکیام، ئەمشەو بە قاچاخ دەچینە خاکی تورکیا، بەڵام لەدوای ئەوەوە پەوەندیمان لەگەڵی پچڕا."

براکەی فەرەیدوون روونیکردەوە، دوای ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ فەرەیدوون پچڕا، لەگەڵ قاچاخچییەکە قسەیان کرد و پێی گوتن، "هیچ زانیارییەکی لەسەر نییە و نازانێت چی لێ هاتووە." ئەوانەشی کە لەگەڵ فەرەیدوون بوون بە براکەییان گوتووە، "لە رێگە دابڕاوە، چونکە رێگەکە بە جۆرێک بووە، تاک تاک لە دووری یەکدی رۆیشتوون."

کاروانی برای فەرەیدوون ئاماژەی بەوەش کرد، "سێ رۆژ پێش ئێستا کەسێکی نەناسراو لە تورکیاوە پەیوەندیی پێوە کردم، کە نەمدەزانی کێیە، بەڵام هەواڵی مردنی براکەمی پێگەیاندم کە لە نەخۆشخانە یان دادپزیشکییە و وەسفی جلوبەرگ و رووخساری بۆ کردم، بەوەدا زانیم کە براکەمە، بۆیە بڕیارە بچمە شاری وان، بۆئەوەی تەرمەکەی بهێنینەوە."

لەبارەی چۆنێتی رووداوەکەوە، براکەی فەرەیدوون ئەوەی بۆ رووداو خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا دڵنیا نیم رووداوەکە چۆن بووە، ئایا لە رێگە دابڕاوە و کەسێک کوشتوویەتی، یان ئاژەڵی کێوی پەلاماری داوە، بەڵام بەپێی وەسفی ئەو کەسەی پەیوەندیی پێوە کردین، بەشێک لە جەستەی خوراوە."

فەرەیدوون تەمەنی 38 ساڵە و ژیانی هاوژینیی پێکنەهێنابوو، بە گوتەی براکەی، تاوەکو پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندبوو و کاسب بووە، دوایین جار لە چێشتخانەیەک کاری کردووە، بەڵام ساڵ و نیوێک دەبوو کە کاری نەبووە، بۆیە لەبەر بێکاری رێگەی کۆچی هەڵبژارد و دەیویست بگاتە وڵاتانی ئەورووپا.