لە رۆژێکدا سێ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان خنکان

02-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

لە رۆژێکدا لە پارێزگەکانی لوڕستان و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ هاونیشتیمانی کورد لەنێو ئاودا خنکان، دووانیان کوڕ و باوکن و خەڵکی لوڕستان بوون. ئەوەی دیکەشیان مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵی خەڵکی کرماشانە.
 
لە رۆژی سێزدەبەدەر کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کودستان خەڵک لەو رۆژەدا لە ماڵەکانیان دەردەچن و دەچنە سەیران، سێ کەس لە هاونیشتیمانیانی خەڵکی پارێزگەکانی لوڕستان و کرماشان بە رووداوی خنکان گیانیان لەدەستدا.
 
ئیمان خوسرەوی، قایمقامی شاری ئەلیگودەرزی لوڕستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 1ی نیسانی 2024 دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە کە کوڕ و باوکێك لە بەنداوی خان ئابادی سەر بەو شارە خنکاون، تیمەکانی فریاکەوتن و کۆمەڵەی مانگی سووریان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە، دوای ماوەیەک توانیویانە تەرمی باوکەکە لە دەریاچەی بەنداوەکە دەربێنن. سەرەڕای هەوڵەکانیان تائێستا تەرمی کوڕەکە نەدۆزراوەتەوە.
 
هەروەها لە هەمان رۆژدا لە پارێزگەی کرماشانیش هاونیشتیمانییەک خنکا.
 
بەپێی زانیارییەکان، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ، کە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە رۆژی سێزدەبەدەردا بەمەبەستی سەیران چووبوونە دەرەوە، لەنێو ئاوی سەراوڵەی کرماشاندا خنکاوە، دوای ماوەیەک تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لە ئاوەکە دەرهێنراوە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە