هەشتەمین دیداری سلێمانی بەڕێوەدەچێت

02-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەشتەمین دیداری سلێمانی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمریکی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئەوروپا، ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت. دیدارەکە ژمارەیەک پانێل و تەوەر لەخۆدەگرێت و باسی نەوت و بودجە و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیشی تێدا دەکرێت.
 
بڕیارە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە، (نیسانی 2024) هەشتەمین دیداری سلێمانی بەڕێوەبچێت، شەش تاوەکو حەوت پانێڵ لە چوارچێوەی چوار تەوەردا دەکرێن.
 
تەوەرەکانی دیدارەکە بە گوتەی شیڤان فازڵ، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی، سیاسیی، ئەمنی، ئابووری، جیۆپۆلەتیک و چەندین بابەتی دیکە دەبن.
 
شڤان فازڵ گوتی "دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پرسەکانی نەوت، بودجە، فیدراڵی، لە دیارترین پانێڵەکان دەبن و ژمارەیەک کەسایەتیی دیار لە عێراق و هەرێمی کوردستان قسەیان تێدا دەکەن." 
 
هەروەها گوتی "تەوەرەکانی؛ چۆنیێتی راگرتنی باڵانس لەلایەن وڵاتێکی وەکو عێراق لە بارودۆخی ناهەمواری ناوچەکە، بەتایبەت لە پەیوەندیی جیۆپۆلەتیکی و هەرێمایەتی و کێبڕکێیەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە پانێڵەکاندا دەبن."
 
جگە لەوەش باسی بارودۆخی ناوچەکە و عێراق و کاریگەریی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لەسەر ناوچەکە و هاوپەیمانیێتییە نوێیەکانی گرووپە چەکدارەکان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە دەبێت، وەکو ئەو توێژەرە دەڵێت.
 
هەروەها گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و چۆنیێتی رووبەڕووبونەوەی بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و خۆئامادەکردن بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، لە هەشتەمین دیداری سلێمانی باس دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەهۆی هاوکاتبوونی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بڕیارە 15ـی ئەم مانگە سەردانی واشنتن بکات، ئەگەری هەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق نەتوانێت لە دیدارەکەدا ئامادەبێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە