نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: پێویستە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بن و دەبێت بارودۆخێک دروستبکرێت کە کەمینەکان هەست بکەن بەشێکن لە عێراق.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوت، ئێمە بڕیار نادەین لەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردندا دەکات یاخود نا، راستە یان هەڵەیە، دەمانەوێت هەموو پارتە کوردییەکان بەیەکەوە کار بکەن لەو سیستمەی لە عێراقدا هەیە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
18ی ئاداری 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا بازنەکانى هەڵبژاردن لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان پشکى کورسییەکانیان بەم جۆرە دەبێت: پارێزگاى سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە سێ کورسی.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانن. وەکو دەزانن دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان نایاساییە. خاوەنی ئەو کورسییانە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بڕیارەکە پێشداندا. ئایا ئەم کێشەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
فەرحان حەق: بەڵێ وەک ئەوەی ئێوە دەیزانن، رێزمان بۆ سەروەری هەموو نەتەوەکان هەیە و ئێمە هیچ دەستوەردان و شڕۆڤەیەک لەبارەی بڕیارە دادوەرییەکان ناکەین. مژارەکە ئەوەیە، بەڵام لە هەمانکاتتدا، بێگومان ئێمە هیوادارین کە چارەسەری بدۆزرێتەوە. بەم شێوەیە هەموو نەتەوە جیاوازەکان، لە نێونیاندا کەمینەکان دەبێت هەست بکەن کە ئەوانیش بەشێکن لە عێراق. هەروەها ئێمە پشتگیری لە هەموو سەرۆکەکان دەکەین کە هەنگاو بنێن و هەر شتێک پێویست بێت بیکەن کە سیستەمێکی وا دروست بکەن، بۆ ئەوەی هەموو کەسێکی لە نێودا هەبێت و بتوانێن بەشداربن.
رووداو: لەدوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. ئەم بڕیارە چۆن دەبینن؟
فەرحان حەق: من ناتوانم لەبارەی ئەم بڕیارە هیچ هەڵسەنگاندنێک بکەم و بڵێم راستە یاخود هەڵەیە. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە دەبێت هەموو پارتەکان، لە نێویاندا پارتە کوردییەکان چۆن پێکەوە بەیکەوە کار بکەن و هەموو گرووپە جیاوازەکان لە عێراق لە نێو سیستەمەکەدا جێگەیان ببێتەوە. ئامانج و داوکاری ئێمە لە عێراق ئەوەیە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بتوانن بەشدار ببن. کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ هەموو پارتەکان کاردەکات و حەز دەکات سەرکەوتن بەدەست بێنن و هیواداراین لەو رەوشەدا بەردەوام بن.