لە هەڵبژاردنی شارەوانیی دیلۆک عەرەبانەچییەک دەنگی لە چەند حیزبێک زیاتر هێناوە

رووداو دیجیتاڵ

عەرەبانەچییەک لە پارێزگای دیلۆک (عەنتاب) کە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی هەڵبژاردبوو، دەنگی لە ژمارەیەک پارتی دیاری تورکیا زیاتر هێنا.
 
هەڵبژاردنەکەی شارەوانیی تورکیا کە یەکشەممە 31-3-2024 بەڕێوەچوو، چەندین بەربژێری سەربەخۆی تێدا بوو. بەشێک لەو بەربژێرانە چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان هەیە.
 
رەمەزان کارابوداک، عەرەبانەچییەکی نێو بازاڕی ناوەندیی دیلۆکە و رۆژانە کاخەزی فڕێدراو کۆدەکاتەوە و قووتی لەسەر ئەو کارەیە. کارابوداک خۆی بۆ پۆستی گەورەشارەوانیی دیلۆک بەربژێرکردبوو و کەوتە رکابەری.
 
رەمەزان کارابوداک تەمەنی 37 ساڵە و پێشتر کرێکاری، دەستگێڕی، شاگردی و زۆر کاری دیکەی کردووە. ئەو بۆ ئەم هەڵبژاردنە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی دیلۆک بەربژێر کرد. 

 

 
کارابوداک نەیتوانی پۆستەکە بباتەوە، بەڵام سێ هەزار و 15 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە 0.32٪ـی دەنگەکانی دیلۆک. ئەمە بووەتە جێی باسی خەڵک. لەبەر ئەوەی دەنگەکانی رەمەزان زیاترن لە دەنگی هەریەک لە پارتی ئاییندە، پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک-پار)، پارتی تورکیای سەربەخۆ (بەتەپە)، پارتی دیموکرات (دەپە)، پارتی چەپی دیموکرات (دەسەپە)، پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ)، پارتی کۆمیونیستی تورکیا (تەکەپە)، پارتی وەتەن و چەند پارتێکی دیکە.
 
ئەو پارتانە ساڵانێکە سیاسەت دەکەن و لە زۆربەی پارێزگاکاندا خاوەن دەنگن و رێکخستنیان هەیە.
 
رەمەزان کارابوداک، بەوە ناسراوە خەڵکی زۆر دەیناسن و هەمیشە چواردەوری قەرەباڵخە، ئەوکاتەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی دیلۆک بەربژێرکرد بە میدیای گوت "من، بۆیە خۆم بەربژێر کردووە، چونکە دەزانم خەڵک زۆر بێزارن لە حیزب و حزبایەتی. گوتم با بژاردەیەکی دیکەیان پێبدەم. راستییەکەی من بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونمەوە ئەم هەنگاوەم نا. لەو باوەڕەشدا بووم نزیکەی 20 هەزار دەنگ بەدەستبهێنم، بەڵام دیارە قسمەتەکەم سێ هەزار و 15 دەنگ بووە." 

 

 
کارابوداک هەروەها دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ساڵی 2028ـیش بە شێوەیەکی سەربەخۆ، خۆی بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکات.