وەزارەتی کار: دەرماڵە بۆ تووشبووانی ئۆتیزم دەبڕدرێتەوە

02-04-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی شایستەی دارایی بۆ تووشبووانی ئۆتیزم دراوە، کە لە ساڵی 2012وە تۆمار نەکرابوون؛ داوایشیان کردووە سەنتەری 24 کاژێریی تایبەت بە تووشبووانی ئۆتیزم بکرێتەوە.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەمساڵ وەزارەتەکەیان رەزامەندیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر منداڵانی ئۆتیزم، کە لە ساڵی 2012وە تائێستا ناونووس نەکرابوون، دەرماڵەی تایبەتیان بدرێتێ، بە هەوڵی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، رەزامەندیی سەرۆکی حکومەت وەرگیرا، کە شایستە داراییەکانیان بۆ تەرخان بکرێت."
 
بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، ئێستا وەزارەتی کار لە قۆناخی ئەوەدایە پشکنینەکان تەواو ببن، دواتر ناوەکان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەرماڵەکانیان بدرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان رێنوێنییەکانی تایبەت بە سەنتەرەکانی ئۆتیزمی هەموار کردووە، داوایان کردووە بۆ لەمەودوا سەنتەری 24 کاژێریی تایبەت بە ئۆتیزم بکرێنەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3300 تووشبووی ئۆتیزم هەن. ئاریان ئەحمەد دەڵێت، پێشتر تەنیا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک سەنتەری ئۆتیزم هەبوو، بەڵام ئێستا لە رانیە، هەڵەبجە و کۆیە سەنتەری ئۆتیزم کراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە