لێکۆڵینەوە لەگەڵ بانکێکی سلێمانی دەکرێت کە بەناوی خەڵکەوە پارەی لە بانکی ناوەندی وەرگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دادگەی کەرخ لە بەغدا دەستی بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ لقی سلێمانیی بانکی شەرقولئەوسەت کردووە، کە هەژماری هاوبەشەکانی بەکارهێناوە و کۆمپانیایان پێ دامەزراندوون، لەو رێگەیەوە پارەیان لە بانکی ناوەندی وەرگرتووە و سپییان کردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 02-04-2023 سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە رێگەی داواکاری گشتیی عێراقەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر لقی سلێمانیی بانکی (الشرق الاوسط)، لێکۆڵینەوەکانیش پەیوەندییان بە سپیکردنەوەی بڕێکی زۆری پارە هەیە کە خەیاڵییە."
 
سەبارەت بە وردەکاریی کەیسەکە، ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە، "ژمارەیەک بەرپرسی بانکەکە و دەرەوەی بانکەکە، لەسەر بەکارهێنانی بەڵگەنامەی چەندین هاووڵاتی کە هەژماری بانکییان لەو بانکەدا کردووەتەوە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوان کۆمپانیای وەهمییان بەناوی ئەو کەسانەوە دروستکردووە و پارەیان لە بانکی ناوەندی بۆ هاوردەکردنی شمەک وەرگرتووە، بەڵام هیچ شتێکیان هاوردە نەکردووە."
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 291/یاسایی/2023 کە لە 15ی ئاداری 2023 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەڵێت، "نووسراوی تایبەت بەو بانکەتان بۆ دەنێرین."
 
بەپێی نووسراوێکی پێشتری سەرۆکایەتی دادگەی کەرخی بەغدا کە بۆ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کردووە، تێیدا لەبارەی نووسراوێکی سۆران عومەرەوە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کردووە.