بافڵ تاڵەبانی داوا دەکات کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "‎کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە."

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، دوای بڕیارەکەی دادگەی پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، "لەپێناو داهاتووی میللـەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت. ‎کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بچێتە یەک خەزێنەوە."

لە پەیامەکەیدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای کردووە، "پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عێراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت. سیستمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عێراق و بە هەمان نرخ بدرێتەوە بە هاووڵاتییان."

بافڵ تاڵەبانی داوایشی کردووە، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستمی نەوت و گازی عێراق هەبێت و بەشێک بن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.

بە گوتەی سەرۆکی یەکێتی، ئەوان "ساڵانێكە هەوڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان دەدات. بیركردنەوەی دروست، هەماهەنگی و كاری پێكەوەییە نەك دووركەوتنەوە و قووڵكردنەوەی كێشەكان. ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا."

بافڵ تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی. هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە."