وردەکاریی رووداوەکەی سلێمانی لە زاری هەردوو لایەنی شەڕەکەوە

02-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
شوێنی رووداوەکە. وێنە: نزار جەزا - رووداو
شوێنی رووداوەکە. وێنە: نزار جەزا - رووداو
A+ A-
سۆران حوسێن و ئاسۆ سەراوی
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری دایک لە شاری سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان پاسەوانی شارەکە و چەند پاسەوانێکی پەرلەمانتارێکدا روویدا و دوو پاسەوانی پەرلەمانتارەکە بریندار بوون. خاوەنی پڕۆژەکە دەڵێت، هێرشی کراوەتە سەر؛ پەرلەمانتارەکەش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت ئەو لە ماڵەوە بووە و بە "ئامانجی کوشتن"ی ئەو تەقە لە پاسەوانەکانی کراوە.

رووداوەکە نزیک کاژێر 11:15 خوولەک لە شاری دایک روویداوە، کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە لە شاری سلێمانی. دوای رووداوەکە سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساوز کوردستان گرووپ کە خاوەندارێتیی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایک دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پەرلەمانتارێک بەناوی هاوڕێ مەلا ستار، هاتبوو دەیویست تەعەدامان لێبکات و پاسەوانەکانی پڕۆژەکەش قبووڵیان نەکردووە، بۆیە شەڕ دروستبوو، لە پاسەوانەکانی ئەو بریندار هەن، بەڵام ئەوانەی ئێمە سەلامەتن."

سامانی حاجی فایەق دەڵێت، بە دوو ئۆتۆمبێل لەبەردەم شاری دایکەوە کە چەند چەکدارێکی تێدا بووە تەقە لەوان کراوە و بە "10 چەکداریشەوە لەنێو چاڤی لاندەوە تەقەیان لێدەکردین."

لەبارەی هۆکاری تەقەکانیش سامانی حاجی فایەق گوتی، "چوارشەممەی رابردوو کاک هاوڕێ هات بۆ لای من کە خۆی لە شاری دایک نیشتەجێیە، داوای داشکاندنێکی بۆ خۆی کرد، منیش گوتم: بەسەر چاو وەڵامت دەدەمەوە. پێنجشەممە تەلەفۆنی کردبوو، وەڵامم نەدابووەوە؛ شەممە چەند تەلەفۆنێکی دیکەی کردبوو درەنگ لە خەو هەستابووم و وەڵامم نەدابووەوە، دواتر نامەیەکی دەنگی ناردبوو کەمێک قسەی ناشیرینی کردبوو، منیش گوتم هەر ئەوەندەم لێ چاوەڕوان دەکردیت و رێزی خۆت بگرە با رێزت بگرم."

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساوز کوردستان گرووپ کە خاوەندارێتیی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایک دەکات دەڵێت، دوای نامەکان ئێوارەی هەمان رۆژ "هاوڕێی مەلا ستار بە چەند چەکدارێکەوە چوونەتە سەر هۆتێلەکەمان [هۆتێل های کریست لە سلێمانی کە خاوەنداریی بۆ سامانی حاجی فایەق دەگەڕێتەوە] دیمەنی کامێراکان هەن؛ من نازانم بۆ چووەتە سەر هۆتێل، کە من لە هۆتێلەکە ناژیم و ماڵم لە شاری دایکە."

سامان حاجی فایەق ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ سکاڵای یاسایی لە دژی پەرلەمانتارەکە تۆمار کرد، "دیارە ئەوەی پێ ناخۆش بووە و ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرمان و لەبەردەم ئۆفیسەکەم شەڕ روویداوە."

لە بەرامبەردا هاوڕێی مەلا ستار تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو هەر لە رووداوەکەدا نەبووە و تەقەکردنیش لە پاسەوانەکانی بە "هەوڵدان بۆ کوشتنی خۆی" دەزانێت.

هاوڕێی مەلا ستار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو پاسەوانم بریندار بوون، بەڵام خۆم لە ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووم، هیوادارم باش بن، راستگۆبم بە شوێنی مندا هاتبوون، بەڵام خۆم لە ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووم، بەو پێیەی لە ماوەکانی رابردوودا کارکردنی ئێمە لەسەر وەبەرهێنی چاوچنۆک و دز لەم وڵاتە بووە، کە دیارە کاریان چۆنە، ئەو کۆمپانیایەش من گومان دەکەم تەقەیان کردبێت لە چوارچێوەی ئەو کۆمپانیا فاسیدانەن ئەم وڵاتەیان قۆرخ کردووە و هەندێک جار دەسەڵاتەکانیان لە پەرلەمان زیاترە."

پەرلەمانتارەکە رەتیدەکاتەوە کێشەی کەسیی لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکەدا هەبووبێت و دەڵێت، "خۆم لە ماڵەوە بووم و تەنیا بووم، ئەگەر کێشەیەکی کەسی بوایە، دەبوو لەگەڵ خۆم بێت، تەنیا ئەوەیە ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە کە بۆم دەرکەوتووە کێن؛ کۆمەڵێک چەتە و قۆڵبڕن و لەم وڵاتە قۆرخی هەموو شتێکیان کردووە، لە حوکمڕانی و داگیرکردنی زەوی."

بە گوتەی هاوڕێ مەلا ستار، پاسەوانەکانی بێ ئاگا بوون و لەناکاو 10 کەس تەقەیان لێکردوون. دەشڵێت، "تەقەکردن بۆ ترساندن یان شتێکی هاوشێوە بێت دیارە، ئەمە بۆ کوشتن بووە و هەمووی بەر جامی ئۆتۆمبێل کەوتووە، بەر سەر و قوڵیان کەوتوون، هیچ جیاوازیشی نییە، گیانی من بێت یان پاسەوانەکانم، ئامانجەکە من بووم، چونکە ئۆتۆمبێلەکە هی منە و ئەوان چۆن دەزانن منی تێدا نیم؛ خۆ سۆنەریان بۆ نەکردووە."

هاوڕێی مەلا ستار جەختی کردووە، کێشەی لەگەڵ سامانی حاجی فایەقدا نەبووە و گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و ئەگەر توانییان بە زوویی لێپرسینەوە بکەن باشە و ئەگەر نەیانتوانی "رێکاری دیکە هەیە بیگرینەبەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.