دایکی تووشبوویەکی ئۆتیزم: ناتوانین یەک خولەک لێی بێئاگابین و حکومەت هاوکار نییە

02-04-2023
هۆرڤان رەفعەت
دڵخواز حسێن، دایکی منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم لە سلێمانی: ژیانی ئێمە ناخۆشبووە
دڵخواز حسێن، دایکی منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم لە سلێمانی: ژیانی ئێمە ناخۆشبووە
A+ A-

رووداو - سلێمانی

مێرمنداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم کە تەمەنی 16 ساڵە، لەگەڵ دایک و باوکی لە بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکخراو و ماڵباتەکانی منداڵانی ئۆتیزم کرد، ئەو رۆژ لە دوای رۆژ جووڵەی زیاتر دەبێت، بەڵام بەگوتەی کەسوکاری، تاوکو ئێستا هیچ پێویستییەکیان بۆ دابین نەکراوە.
 
دڵخواز حسێن، دایکی دیار، منداڵە تووشبووەکەی ئۆتیزم بە رووداوی گوت، "ژیانی ئێمە ناخۆشبووە بەدەست ناڕەحەتییەکانی ئەم منداڵەوە، من و باوکی هەمیشە دەبێت لەگەڵیدابین، ناتوانین یەک خولەک لێی بێئاگابین، چونکە هەر کە رۆیشت نازانین دەچێتە کوێ، هیچ سەنتەرێکی حکومیش نییە بۆ چاودێریکردنیان، ئەوانەی هەن سەنتەری تایبەتن و ئێمەش ناتوانین بیبەینە ئەوێ، هەموو مانگێک دەیبەینە لای پزیشک، مانگانە زیاتر لە 400 هەزاری دەوێت بۆ دەرمان و چارەسەر".
 
چرا، تووشبوویەکی دیکەی ئۆتیزمە، تەمەنی 14 ساڵە و لەگەڵ دایکی بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کرد. ئەویش وەکو زیاتر لە 570 تووشبووی دیکەی ئۆتیزم لە سلێمانی، هیچ هاوکارییەکی بۆ دابین نەکراوە. بە خەندەوە دەڵێت "ئێستا باشم و سڵاو دەکەم لە شاهۆ ئەمین، من ناوم چرایە".
 
چنوور رەشید، دایکی چرایە و باس لەوە دەکات، "هەموو رۆژێک کچەکە تەماشای رووداو دەکات و پێمدەڵێ با بچم بۆ لای شاهۆ ئەمین". چنوور باسی دۆخی تەندروستیی کچەکەی و دۆخی دارایی خێزانەکەی دەکات و دەڵێت: "لە هەموو روویەکەوە دۆخمان خراپە و ناڕەحەتین، داهاتمان هیچ نییە و حکومەت هیچی بۆ نەکردووین".
 
کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، نیگەرانن و دەڵێن، حکومەت لە ساڵی 2014ـەوە منداڵانی ئۆتیزمی پشتگوێخستووە. ئاراس عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دەبووایە لەم رۆژەدا ئێمە وەکو ئۆتیزمەکانی جیهان ئاهەنگمان بگێڕایە و بەڕوویەکی خۆشەوە میوانداریمان بکردایە و یاریمان پێبدانایە تادڵیان خۆشبووایە، بەڵام ئەوەتا بەداخەوە ئێمە هاتووین لەمڕۆژەدا گلەیی لە حکومەتەکەی خۆمان دەکەین".
 
وەڵامی حکومەت بۆ منداڵانی ئۆتیزم و ماڵباتەکانیان، چاوەڕێکردنە بۆ تۆمارکردن و پشکنینی 600 منداڵی دیکەی ئۆتیزم لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. 
 
هیوا رەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە وەکالەت بە رووداوی راگەیاند، "لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 600 منداڵی نوێ هەن کە رەزامەندییان لەسەر دراوە، چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەکەین تاوەکو رەزامەندی بدات کە پشکنینیان بۆ بکرێت و مووچەیان بۆ ببەسترێت".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی ئۆتیزم هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە 150 هەزار دیناری مانگانە بە ناوی هاوکاری بۆ بەشێکی کەم لە تووشبووان، هیچ یاسایاکی دیکە بۆ هاوکاریکردنیان نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە