کۆمپانیای ساوز کوردستان: هاوڕێ مەلا ستار داوای کردووە نرخی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمبکرێتەوە

02-04-2023
نازەنین گۆران
ڤیدیۆی چوونە سەر هۆتێلێکی شاری سلێمانی کە لەلایەن ساوز کوردستانەوە خاوەندارێتیی دەکرێت
ڤیدیۆی چوونە سەر هۆتێلێکی شاری سلێمانی کە لەلایەن ساوز کوردستانەوە خاوەندارێتیی دەکرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەبارەی رووداوی تەقەکرنەکەی رۆژی یەکشەممە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دایک، کۆمپانیای ساوز کوردستان دەڵێت: پاسەوانەکانی پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەسەر ئەوەی نرخی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ پەرلەمانتارەکە کەم بکرێتەوە، تەقەیان کردووە. پەرلەمانتارەکەش دەڵێت: ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە "لەم وڵاتە قۆرخی هەموو شتێکیان کردووە."
 
دەوروبەری کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 02-04-2023 لە شاری دایک کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە لە شاری سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان پاسەوانانی پڕۆژەکە و چەند پاسەوانێکی هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەکێتی روویدا و دوو پاسەوانی پەرلەمانتارەکە برینداربوون. 
 
دوای رووداوەکە، هاوڕێ مەلا ستار پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو پاسەوانم برینداربوون، بەڵام خۆم لە ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووم، هیوادارم باشبن، راستگۆبم بە شوێنی مندا هاتبوون، بەڵام خۆم لە ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووم، بەوپێیەی لە ماوەکانی رابردوودا کارکردنی ئێمە لەسەر وەبەرهێنی چاوچنۆک و دز لەم وڵاتە بووە، کە دیارە کاریان چۆنە، ئەو کۆمپانیایەش من گومان دەکەم تەقەیان کردبێت لە چوارچێوەی ئەو کۆمپانیا فاسیدانەن ئەم وڵاتەیان قۆرخکردووە و هەندێک جار دەسەڵاتەکانیان لە پەرلەمان زیاترە".
 
کۆمپانیای ساوز کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری رووداوەکەی روونکردووەتەوە و دەڵێت: "1ـی نیسانی 2023 پەرلەمانتار هاوڕێ مەلا ستار کەسێک بۆ ساوز کوردستان گرووپ دەنێرێت کە ئۆفیسی سامان فایەق حاجی عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپەکەمانی لێیە و داوا دەکات نرخی شوقەی ئەو پەرلەمانتارە کە لەنێو شاری دایکە کەمبکرێتەوە و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵام ناکات و بە تەلەفۆنی خۆی و بە تەلەفۆنی چەکدارەکانی دەورووبەری پەیوەندی دەکات و دەڵێت، ئەم نرخەم بۆ کەمنەکەنەوە ئەوا دێمە سەرتان و کەرامەتتان دەشکێنم."
 
ساوز کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەرێنیی لەلایەن گرووپ و "کاک سامانەوە" بەو پەرلەمانتارە ناگات، هەمان رۆژ کاژێر 8:00ـی شەو و لەوکاتەی میوانەکانی یەکێک لە هۆتێلە 5 ئەستێرەکانی سەر بە گرووپەکە بۆ بەربانگکردنەوە و بەسەربردنی شەوێکی ئارام سەردانی رێستۆرانتێکی هۆتێلەکەیان کردبوو، "ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی و سێ ئۆتۆمبێلی پڕ چەکدار و دەمامکدار و پۆشاکی نافەرمییەوە هەڵدەکوتنە سەر هۆتێلەکە و پرسیاری کاک سامان و ناونیشانی دەکەن، ستافی هۆتێلەکەش پێیان راگەیاندوون ماوەیەکی زۆرە کاک سامان سەردانی هۆتێلەکەی نەکردووە."
 
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی ساوز کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دوای رووداوەکە و رۆژی یەکشەممە، 02-04-2023 دوو پارێزەری سامان حاجی فایەق (ئاسایشی بەکرەجۆ، ئاسایشی گشتی و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش)یان لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە کە "هاوڕێ مەلا ستار بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر چەکدارەوە بۆ فڕاندنی سامان حاجی فایەق هاتوون."
 
ساوز کوردستان دەڵێت، "دواتر و ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە بەهەمان سێ ئۆتۆمبێلی درع و ژمارەیەکی زۆرتر چەکدارەوە هەڵدەکوتنە سەر ئۆفیسی سەرەکیی سامان حاجی فایەق لەناو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایک و زیاتر لە 30 خولەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە دەکەن و دواتر برینداری لێکەوتووەتەوە و ئێمەش وەکو هەر هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە بەداخین و بریندارین لە ئاست ئەم رەفتارە نەشیاو و دوور لە یاسایەی ئەم پەرلەمانتارە، ئایا پەرلەمانتار پارێزەری ماڵ و حاڵی خەڵکە یان پێشێلکار و پەلاماردەر."
 
هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی رەتیدەکاتەوە کێشەی کەسیی لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکەدا هەبووبێت و دەڵێت، "من خۆم لە ماڵەوە بووم و تەنیا بووم، ئەگەر کێشەیەکی کەسیی بوایە دەبوو لەگەڵ خۆم بێت، تەنیا ئەوەیە ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە کە بۆم دەرکەوتووە کێن کۆمەڵێک چەتە و قۆڵبڕن و لەم وڵاتە قۆرخی هەموو شتێکیان کردووە، لە حوکمڕانی و داگیرکردنی زەوی."
 
بە گوتەی هاوڕێ مەلا ستار، پاسەوانەکانی بێ ئاگابوون و لەناکاو 10 کەس تەقەیان لێکردوون. دەشڵێت، "تەقەکردن بۆ ترساندن یان شتێکی هاوشێوە بێت دیارە، ئەمە بۆ کوشتن بووە و هەمووی بەر جامی ئۆتۆمبێل کەوتووە، بەر سەر و قوڵیان کەوتوون، هیچ جیاوازیشی نییە، گیانی من بێت یان پاسەوانەکانم، ئامانجەکە من بووم، چونکە ئۆتۆمبێلەکە هی منە و ئەوان چۆن دەزانن منی تێدا نیم؛ خۆ سۆنەریان بۆ نەکردووە."
 
ساوز کوردستانیش لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی رەتدەکاتەوە و داوا دەکات یاسا و بەرپرسانی پەیوەندیداری پارێزگاری سلێمانی و حکومەت بەدواداچوون بکەن و مافیان بۆ بگەڕێننەوە و "رێگە نەدەن سلێمانی ببێتە جێگەیەک یاسا تێدا سەروەر نەبێت و بەمیزاجی کەسی بابەتەکان یەکلابکرێتەوە."
 
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو پەرلەمانتارەی کە خۆی یاسادانەرە و نوێنەری گەلە پێشێلی یاسای کردوە و چەکدارەکانی راسپاردووە هێرشمان بکەنەسەر و لەلایەکی دیکەشەوە باس لەوە دەکات گوایە لەناوی شاری دایکەوە هێرشیان کراوەتەسەر، ڤیدیۆکان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن کە ئێمە لەناو پرۆژەی خۆمان بووین و ئەوان دەستدرێژیان کردوینەتەسەر و ویستویانە ئازارمان پێ بگەیەنن."
 
ساوز کوردستان داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات رێکاری پێویست بەرامبەر بەو رووداوە بگرنەبەر و دەڵێت: "ئەو کەسە بە پیشەی پەرلەمانتاری پەلاماری ئێمە و پڕۆژەکانمانی نەداوە و لەو ڤیدیۆیەیش روونە بە چەند ئۆتۆمبێلێک هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەو هۆتێلەی کە خاوەندارێیتییەکەی بۆ گرووپەکەمان دەگەڕێتەوە، ئەگەر بڕواننە چەکی دەست و جل و بەرگەکانیان بۆتان دەردەکەوێت وەکو شەخسی هێرشیان کردووە! ئێمە سەیرە بەلامانەوە پەرلەمانتارێکی کوردستان خاوەنی زیاتر لە 20 چەکدار و ئۆتۆمبیێلی درع بێت و چۆنی ویست وا هەڵسوکەوت بکات."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی ساوز کوردستان، سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساوز کوردستان گرووپ، جەخت لەوە دەکاتەوە کێشەی کەسی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە نییە و تەنانەت دوای ئەوەی داوای داشکاندنی تایبەتی بۆ شوقەکەی کردووە و پەرلەمانتارەکە لە رێگەی چەندین ژمارە تەلەفۆنەوە قسەی نەشیاوی پێ گوتووە، دیسان بڕیاریان داوە بە یاسا ئەو بابەتە یەکلابکرێتەوە."
 
گرووپی کۆمپانیای ساوز کوردستان دەشڵێت، "ئەو پەرلەمانتارەی کە پاسەوانەکانی راسپاردبوو بێنە سەر شاری دایک، باس لەوە دەکات کە بەهۆی لێدوانەکانی لەسەر وەبەرهێنەران ئەمەی لەگەڵ کراوە، ئێمە بۆ رای گشتی روونی دەکەینەوە کە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا نییە و ئەوە ئەو پەرلەمانتارەیە کە ویستوویەتی کەسێکی مەدەنی لەناو کۆمپانیایەک بڕفێنێت، کاتێک کۆمپانیاکە نەچووەتە ژێر باری داواکارییەکانی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.