لە هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵایەکی گەورەی کوردستان هەڵکرا

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە چیاکانی دەورووبەری گوندی دزڵی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاڵایەکی گەورەی کوردستان هەڵکرا.
 
میدیای فەرمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، کۆمەڵێک چالاکڤانی ناوچەی هەورامان ئەو ئاڵایەیان هەڵکردووە و راگەیێندراوێکی ئەو کەسانەشی بڵاوکردووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئاڵاکە بۆ یادی 74 ساڵەی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد لە 31/03/1947 و 10ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی حیزبی دیموکرات هەڵکراوە و تێیدا هاتووە "وەکوو بەشێک لە چالاکڤانانی ناوچەی هەورامان بەپێوستمان زانی لە 10ی خاکەلێوەی 1400ی هەتاوی کە 74 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد تێپەڕ دەبێت، پەیمانی خۆمان لەگەڵ رێبازی پێشەوا و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان نوێ بکەینەوە."
 
ئەو چالاکڤانانە دەڵێن، ئامانجیان لە هەڵکردنی ئاڵاکە لە ناوچەی هەورامان ئەوەیە کە پیشانی بدەن ناوچەی هەورامان بەشێکی دانەبڕاوی بزووتنەوەی کوردە. لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئاڵاکە ئەوەندە گەورەیە کە لە رێگای مەریوان-سنەوە دەبیندرێت.
 
چالاکڤانێکی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵێت، ئاڵاکە 12 مەتر پان و 20 مەتر درێژە و خۆرەکەی نێوەڕاستیشی 9 مەتر پانە. بەگوتەی ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئاڵاکە لەلایەن 7 کەسەوە ئامادەکراوە و بڕیاربووە رۆژی 10 خاکەلێوە، ساڵرۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و رۆژی شەهیدانی حیزبی دیموکرات هەڵبکرێت، بەڵام دواتر دواخراوە بۆ شەوی 13 بەدەر تاوەکو خەڵکی زیاتر بیبینن.
 
بەپێی هەواڵەکە چەند ئۆتۆمبێلی سەربازی ئێران چوونەتە ناوچەکە تاوەکو ئاڵاکە بهێننە خوارەوە. لە نەورۆزی ئەمساڵدا لە چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان هەڵکرا.