مەسروور بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتووێکرد

رووداو - هەولێر 

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە و دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتووێکرد.

رۆژی سێشەممە 2-4-2019، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، ''لە دیدارەکەدا کە کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەبوو، دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتووکران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان كرایەوە''.



مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ''پشتیوانی و یارمەتییەکانی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند، کە بەردەوام لە قۆناخە جیاکاندا هاوكار و پشتیوانی گەلی كوردستان بووە. هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک و پێشڤەچوونەکانی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کرد و هەنگاوەکانی بە ئەرێنی وەسفکرد''.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ''بارودۆخی سووریا و کۆنترۆڵکردنەوەی دوا مۆڵگەی داعش و هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری سیاسیانەی کێشەکانی ئەو وڵاتە تاوتووکرا و جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا قوربانی و مافی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاوبگرێت''.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ''باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق وێڕای بەئاوات خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت''.