رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لە سلێمانی بۆ مانگی شوبات دیاری‌کرا؛ کارەبای سلێمانیش دەڵێت، "نرخی کاژێرێک 44 دینارە."
ئەمڕۆ یەکشەممە دووی ئاداری 2025، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌بای سلێمانی رایگەیاند، "لیژنەی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له بازاڕه‌كاندا، نرخی هه‌ر کاژێرێک کارەبای موەلیدە بۆ یه‌ک ئه‌مپێر 44 دینارە."
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکە روونیکردووەتەوە، "بەگوێرەی لیژنەی دیاریکردنی نرخ، نرخی یه‌ک ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌نێو شاری سلێمانی له‌نێوان 14 هەزار بۆ 15 هەزار دیناره. بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان 310 بۆ 340 کاژێر کاریان کردووە."
بەپێی خشتەی نوێی مانگی رەمەزان، دابەشکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگەی سلێمانی بەمشێوەیە دەبێت:
- کاژێر 13:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 01:00 بەرەبەیان كار دەكەن.
- کاژێر 1:00 تاوەکو 3:30 بەرەبەیان کار ناکەن.
- کاژێر 3:30ـی بەرەبەیان تاوەکو 08:00ـی بەیانی كار دەكەن.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی كاره‌بای سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە کارەبای نیشتمانی دەدرێت تاوەکو 13:00ـی پاش نیوەڕۆ، بەڵام ئەگەر کارەبای نیشتمانیش نەدرێت لەو ماوەیەدا، موەلیدە ئەهلییەکان کار ناکەن.
لە سنووری شاری سلێمانی 610 موەلیدە هەن؛ رۆژانی هه‌ینی، شه‌ممه و پشووه فه‌رمییه‌كان کاژێر 3:30 بەیانی تاوەکو 06:00ـی بەیانی کار دەکەن.
لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان، جه‌ختیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی، نابێت كارپێكردنی موه‌لیده و پێدانی كاره‌با به هاووڵاتییان له 5 خوله‌ک زیاتر بخایه‌نێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه خاوه‌ن موه‌لیده‌كه سزا ده‌درێت.
لە شاری دهۆک، 380 موەلیدە و لە تەواوی پارێزگاکەش هەزار و 800 موەلیدە هەن. هەر ئەمڕۆ هەکار هرووری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، "مانگی رابردوو، بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، موەلیدەکانی پارێزگاکە نزیکەی 450 کاژێر کاریان کردووە. تاوەکو ئێستا نرخی ئەمپێری موەلیدەمان بۆ مانگی رابردوو رانەگەیاندووە، بەڵام لە نێوان 19 تاوەکو 20 هەزار دەبێت."
رۆژی شەممە، یەکی ئاداری 2025، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ مانگی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر لە نێو شاری هەولێر لە نێوان 14 هەزار و 500 دینار بۆ 22 هەزار و 500 دینار بووە و مانگی رابردوو تێکڕای رۆژانە، موەلیدەکان 14 کاژێری کاریان کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ