لە شەڕە تەقەیەکدا لە ئیدری باکووری کوردستان دوو کەس کوژران

02-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگەی ئیدری باکووری کوردستان، شەڕە تەقە لە نێوان دوو گرووپدا دروست بوو و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە، رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025 لە گوندی شەمکێ سەر بە شارۆچکەی تۆزان لە ئیدری باکووری کوردستان روویدا؛ سەرەتا مشتومڕ و گرژی لە نێوان دوو گرووپەکە دروست بوو و پاشانیش بوو بە شەڕە تەقە.
 
دوای ئەوەی هەواڵ بە لایەنی پەیوەندیدار درا، تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بەگوێرەی زانیاریی تیمەکان، عوسمان کاڵکان و چيتین کاڵکان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا. دوو کەسیش بریندار بوون.
 
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە و تەرمی دوو کەسەکە رەوانەی دادپزیشکی پارێزگەکە کرا.
 
تیمەکانی پۆلیس رێوشوێنی ئەمنییان لە شوێنی رووداوەکە گرتەبەر و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی ئاماری وەقفی ئوموت، پار لە تورکیا و باکووری کوردستان، سێ هەزار و 801 رووداوی تووندوتیژی روویانداوە، تێیاندا دوو هەزار و 370 کەس کوژراون و سێ هەزار و 829ـی دیکەش بریندار بوون. لە سێ هەزار و 194 رووداودا دەمانچە و لە 607 رووداویشدا چەقۆ بەکارهێندراون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە