سێ دەستە ماوەی یاساییان تەواو بووە و چاوەڕێی دانیشتنی پەرلەمانن

02-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێ مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک و لیژنەکانی پەرلەمان دەستنیشان نەکراون. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەڵێت، "کۆمەڵێک کار، یاسا و دەستە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان وەستاون".
 
نزیکەی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردن و سێ مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەم پێکنەهێنراوە و لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێکهێنانی کابینەی نوێ زۆر دواکەوت، ئەمەش کاریگەریی خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێت، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر رێککەوتنی سیاسیی لایەنەکان وەستاوە کە تاوەکو ئێستا نەکراوە."
 
2-12-2024، بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری بەتەمەن بەڕێوەچوو.
 
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "پێویستە بەزووترین کات لایەنە سیاسییەکان رێکبکەون لەسەر کاتی درێژەدان بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان تاوەکو حکومەت پێکبهێنرێت."
 
هیوا نەسرەدین گوتی، "27 یاسا هەن لە دادگەی فیدراڵی تانەیان لێدراوە و پێنج یاسا رەتکراونەتەوە. دەستەکانی چاودێریی دارایی، دەستپاکی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ماوەی یاساییان تەواو بووە و پێوستە بەزووترین کات هەموار بکرێنەوە."
 
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەڵێت، "دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکان گەیشتنە رێککەوتن، لە ماوەی مانگێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دیاری دەکرێت، ئەوکاتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ماوەی مانگێک دەدات بە سەرۆکی حکومەت تاوەکو کابینەی نوێ پێکبهێنێت و سوێندی یاسایی بخۆن."
 
بە گوتەی هیوا نەسرەدین، "دوای هەڵبژاردنی سەرۆک و لیژنەکانی پەرلەمان، لانیکەم دوو مانگی دیکەیان پێویستە تاوەکو حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت."
 
تاوەکو ئێستا ھەرێمی کوردستان دەستووری نییە. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "کاری سەرەکیی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەستوورە کە زۆر دواکەوتووە، هیوادارین لە خولی شەشەم ببینە خاوەن دەستووری خۆمان."
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا. هەروەها یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و گۆڕانیش 1 کورسی بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە