شاندێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق سەردانی هەڵەبجە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەکەیان بە سەردانێک بگاتە هەولێر و لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک کۆببێتەوە.
جەواد یەساری، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمشەو، 02-03-2024، شاندێکی لیژنەکەیان (سەرۆک، هەردوو جێگرانی و ئەندامانی لیژنەکە) لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەنە هەرێمی کوردستان.
یەساری ئاماژەی بەوە کرد، "سبەی یەکشەممە سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکەن و دواتر دەچنە پارێزگای هەڵەبجە".
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان گوتی، بۆ ئەوەیە "لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی ئەم پارێزگایانە بکەین و لە پێداویستی و کەموکوڕییەکانیان بکۆڵینەوە.
سەردانی لیژنەکە بۆ شاری هەڵەبجە "تایبەتە و ئێمە پاڵپشتیی لە پەلەکردن لەسەر دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی ئەم شارە دەکەین".