رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە دەبێت نۆ جۆر حەبی جیاواز بخوات، لەکاتێکدا تەمەنی هێشتا 14 ساڵە، برایەکیشی تەمەنی 13 ساڵە و لەنێو جێگەدا کەوتووە، ئەوە بەشێکی چیرۆکی ژیانی حەوایە، کە پێویستی بە گۆڕینی مۆخی ئێسکە.
تێچووی گۆڕینی مۆخی ئێسک زیاتر لە 70 هەزار دۆلارە، ئەوەش تێچوویەکە کە زۆر زیاترە لە توانای خانەوادەکەی حەوا.
حەوا مەسعود، بە رووداوی گوت "من، بەردەوام دەرمانم هەیە و لە نەخۆشخانەم. چوومە ئەنقەرە و پێیان گوتم نەشتەرگەریت بۆ دەکرێت، بەڵام تێچووەکەی حەوت دەفتەر دۆلارە، ئەوەش بە ئێمە ناکرێت."
هەروەها دەڵێ "لە ئەنقەرە دەرمانیان پێمدا و گوتیان ئەگەر بچییە ئیستەنبووڵ رەنگە چارەسەربکرێیت، ئەگەر نەبوو خوێت دەگۆڕین بە چوار دەفتەر. نەخۆشییەکەی من تالاسیمیای مەنجەلییە."
لە پارێزگای دهۆک 139 کەس پێویستییان بە گۆڕینی مۆخی ئێسکە، لەبەر نەبوونی سەنتەری تایبەتمەند لەنێو پارێزگەکە پێویستییان بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی وڵاتە.
لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ناوەندی، سەنتەریک بۆ نەخۆشخانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان لە دهۆک دروستکرا.
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ناوەندی گوتی ئەو نەخۆشخانەیە هەزار و 100 مەترە و چوار نهۆمە، حکومەتی فیدراڵی دروستی کردووە، ئەمە یەکەم پڕۆژەی حکومەتی فیدراڵییە لە دهۆک جێبەجێی دەکات بە هاوکاری پارێزگای دهۆک، بە گوژمەی نزیکەی شەش ملیار دینار.
بینای نەخۆشخانەکە تەواو بووە، بەڵام تائێستا دیار نییە کەی ستاف و ئامێری بۆ دەهێنرێت.
ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک دەڵێ "سەنتەری چاندنی مۆخ بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی خوێنیان هەیە و ئەوانەش کە تالاسیمیایان هەیە، نەوەک تەنیا منداڵان بەڵکو گەورەش سوودی لێ وەردەگرن، ئێمە نووسراومان دا بە بەنگین رێکانی و بە هاوکاریی ئەو، ئامێر و پێداویستیی پزیشکی دابیندەکرێت، گرێبەستمان لەگەڵ وڵاتی ئیتاڵیا هەیە، کارمەند و پزیشمان بچن و ماوەی سێ بۆ شەش مانگ لەوێ راهێنانیان پێبکرێت."
433 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە دهۆک هەن، کارکردنی ئەو سەنتەرە سوودی زۆری بۆ ئەو منداڵانە و کەسانی گەورەش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ