فەرمانبەرانی ژمێریاری لە رۆژی پشوویاندا بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە بە زمانی عەرەبی، دەوامیان کرد

رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانبەرانی قایمقامییەتی کەلار ئەمڕۆ لە رۆژی پشوویاندا گەڕانەوە دەوام و سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرەکانیان بوون بە زمانی عەرەبی، لیستەکە لەسەر داواکاریی وەزارەتی دارایی عێراقە و دەبێت لە ماوەی 24 کاژێر ئامادەبکرێت.
 
بەشدار لەتیف، لێپسراوی بەشی ژمێریاری لە قایمقامییەتی کەلار بە رووداوی گوت " لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە دەستمان کردووە بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرەکانمان، دەبێت ئەمڕۆ لیستەکە تەواوبێت. چەند گۆڕانکارییەک لە لیستەکە دا کراوە و دەبێت ناو و ناونیشانی فەرمانبەرەکە و پلەکەی بەڕوونی بنووسین."
 
وەزارەتی دارایی نووسراو و دوو لیستی هاوپێچی بە زمانی عەرەبی لە رۆژی دووی ئەم مانگەوە بۆ سەرجەم وەزارەت فەرمانگەکان ناردووە، بەگوێرەی نووسراوەکە، پێویستە بەیەک CD و بە رێنووسی عەرەبی، ئاراستەوە وەزارەتی دارایی بکەنەوە.
 
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی بە رووداوی گوت "هەندێک وردەکارییەکە دەبێت بەڕوونی و زمانی عەرەبی لە لیستەکەدا بنووسین، ئەمڕۆ هەموومان هاتووینەتەوە دەوام بۆ ئەوەی لیستەکە ئامادەبکەین، دەبێت تاوەکو کاژێر 12 رەوانەی وەزارەتی دارایی بکەینەوە."
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت بەپێی لیستەکە، بزانێت چەند مووچەخۆر لە وەزارەت و دەستە جیاجیاکاندا هەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ مانگی شوبات هیچ دەستە و وەزارەتێک مافی نییە راستەوخۆ لیستەکە بۆ بەغدا بنێرێت، لیستەکە دەبێتە بەرچاوڕوونییەک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی ئادار، بەڵام روون نییە عێراق چەند سوودی لێ دەبینێت بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.