کورد لە 12 کورسییەکەی پارێزگای ورمێ 7 کورسیی پەرلەمانی ئێرانی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

لەو شارانەی پارێزگای ورمێ کە کورد و ئازەری تێکەڵن و ململانێ لەنێوان ئەو دوو نەتەوەیەدا هەیە، چوار بەربژێری کورد دەنگی پێویستیان بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەستهێنا؛ دوو کەس لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ورمێ، یەک کەس لە بازنەی هەڵبژاردنی ماکۆ و کەسێکیش لە بازنەی شنۆ و نەغەدە.

بەپێی راگەیێندراوی ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگای ورمێ، لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ماکۆ دا عومەر عەلیپوور 41 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. ئەمە یەکەمجارە لە بازنەی هەڵبژاردنی ماکۆ دا کوردێک دەنگی پێویست بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەست دەهێنێت.

لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ورمێش حاکم مەمەکان و شەهێن جەهانگیری، کە کوردن و، سەلمان زاکر کە ئازەرییە، دەنگی پێویستیان هێنا. یەکەمجارە دوو بەربژێری کورد لە شاری ورمێ بۆ پەرلەمانی ئێران سەردەکەون.

لە خولی پێشووی پەرلەمانی ئێراندا هەموو پەرلەمانتارەکانی بازنەی ورمێ ئازەری و لە خوولەکانی پێشووتریشدا یەک پەرلەمانتار کورد بووە.

لە بازنەی هەڵبژاردنی شارەکانی شنۆ و نەغەدەش، کە لەوێش رکابەرایەتی لەنێوان کورد و ئازەریدا هەبوو، عەبدولکەریم حوسێنزادە کە کوردە، دەنگی پێویستی بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەستهێنا. ئەو بازنەی هەڵبژاردنە لە خوولی پێشوودا پەرلەمانتارەکە ئازەری بوو.

بەڵام لە شارەکانی سەڵماس، سائین قەڵا و خۆی لە پارێزگای ورمێ کە کورد و ئازەری دەژین، بەربژێرانی ئازەری دەنگی زۆریان هێناوە و بوونەتە پەرلەمانتار.

بەم ئەنجامە لە 12 کورسییەکەی پارێزگەی ورمێ لە پەرلەمانی ئێران، کورد 7 کورسی بەدەستهێنا.