رووداو - سلێمانی
پردی زەرزی کەرکووک بە قەزای دووکان و سەیرانگەی چەمی رەزان دەبەستێتەوە، نزیکەی دوو هەفتەیە بەهۆی باران و لافاوەوە رووخاوە، ئەوەی خەڵک داوای دەکەن چارەی بنەڕەتیی پردی گوندەکەیانە، بەڵام حکومەت چارەسەری کاتی بۆ کردوون.
بەکر سدیق، گوندنشین دەڵێت، "ئەو پردە رێگەی خەڵکی کەرکووک و شارەکانی عێراقە بۆ گەیشتن بە رانیە و قەڵادزێ و کۆیە، سەیرانگەیەکەیشی لەسەرە و کەس چاکی نەکردووە."
شادومان عەبدولغەفار، گوندنشین ئاماژە بەوە دەکات، "رووخانی ئەو پردە زیانی زۆر پێگەیاندووین، بۆ قوتابییەکانمان و نەخۆشەکانمان. جاران گەر نەخۆشمان هەبووایە، بە نیو کاژێر بگەیشتینایەتە نەخۆشخانە، ئێستا بە دوو کاژێر ناگەین."
پردی زەرزی 12 گوند بە بازیان و پیرەمەگروون دەبەستێتەوە، لەدوای رووخانی رێگەی قوتابییانی بۆ گەیشتن بە قوتابخانە دژوارتر کردووە.
زاهیر سەمەد، شۆفێر باسی لەوە کرد، دەبێت بەیانیان قوتابییەکان کەسێک لە گوندەکان کۆیان بکاتەوە و بیانبات بۆلای پردە رووخاوەکە، "دواتر من لەوبەر بیانبەم بۆ قوتابخانەی گوندی سابوراوە، ترانزێتە بزەبت."
بەهۆی باران و لافاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 25 پرد زیانیان پێگەیشتووە و رووخاون، تاوەکو ئێستا چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەکراوە، جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە رێگەیەکی کاتیی بۆ پەڕینەوە لە تەنیشتیانەوە دروستکردووە.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی رایگەیاند، "رەزامەندی نەدراوە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەی بۆ باری لەناکاوی لافاو تەرخانکراوە، لە کاتێکدا ئێمە نووسراومان لە مانگی 10وە کردووە و بە هیواین بە زوویی رەزامەندیی لەسەر بدرێت و کەمێک سوودی لێ وەربگرین."
بەپێی دەرخستەیەکی سەرەتایی، بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیار دینارە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرد و رێگایانەی بەهۆی باران و لافاو لە چەمچەماڵ، قادر کەرەم، پێنجوێن و ئیدارەی گەرمیان زیانیان پێگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ