سەرباری ناڕەزایی کورد و تورکمان، قایمقامی داقوق دەستبەکاربوو


رووداو دیجیتاڵ 

سەرباری نارەزایی پێکهاتەکانی کورد و تورکمانی قەزای داقوق، رۆژی چوارشەممە قایمقامی نوێ کە لە پێکهاتەی عەرەبە دەستبەکار بوو، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە داقوق دەڵێت، "پەرلەمانتارانی کورد دەبووایە لە ماوەی مانگێکدا بڕیاری دانانی رابگرن، بەڵام هیچیان نەکرد." پەرلەمانتارێکی عەرەبی پارێزگای کەرکووکیش پیرۆزبایی لێدەکات و دەڵێت: "دانانی قایمقامی نوێ بە سازانی هەموو پێکهاتەکانی عەرەب و کورد و تورکمان بووە."
 
رۆژی پێنجشەممە 2-3-2023، ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 18ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دەستبەکاربوونی قایمقامی نوێی قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سەرباری ئەوەی دوو پێکهاتەی سەرەکیی قەزای داقوق (کورد و تورکمان) بە دانانی قایمقامی نوێی داقوق ناڕازی بوون، چونکە پێیانوابوو دەبێت هاوسەنگی هەبێت لە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە، بەڵام دوێنێ عەبدولستار عەلی مەحموود، وەکو قایمقام دەستبەکاربووە. 
 
ئیدریس عەلی گوتی: "پەرلەمانتارانی کورد و تورکمان و کریستیانی نوێنەری کەرکووک، جگە لە ئومێد محەممەد نووسراوێکیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو بۆ راگرتنی بڕیارەکە، بەڵام دوای مانگێک و تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی ئێمە لە پارێزگاری بەوەکالەتمان داواکردبوو بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران رێوشوێنەکانیان بگرنەبەر، کە دوو هەفتە بوو، هیچ نەکرا، بۆیە دوێنێ قایمقام دەستبەکاربوو."
 
زیاتر لە مانگێک دەبێت پۆستی قایمقامی قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک کێشەی خستووەتە نێو پێکهاتەکانی قەزا و پارێزگاکەش، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە قەزاکە وەڵامی نووسراوێکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دەداتەوە، کە گوتبووی رێژەی عەرەب 70٪ـی دانیشتووانی قەزاکە پێکدەهێنن، بەڵام ئەو دەڵێت، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 17٪ی دانیشتووانی داقوق لە نەتەوەی عەرەبن.
 
خالید مفرەجی، پەرلەمانتاری پارێزگای کەرکووک جگە لە پیرۆزباییکردن لە دەستبەکاربوونی عەبدولستار عەلی مەحموود، رایگەیاند، "دانانی بە سازانی پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان بووە" و بەرپرسەکەی مەڵبەندی یەکێتیش لە قەزای داقوق بێ ئاگایی خۆی لەوبارەیەوە نیشاندا.
 
ئەو پەرلەمانتارە سوپاسی راکان جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دەکات، لەگەڵ هێزە سیاسی و ئەمنییەکان و هۆزەکانی کورد و تورکمان و عەرەب و سەرجەم ئەو کەسایەتییانەی پێیوایە، رۆڵییان هەبووە لە دوورخستنەوەی ئاشووب لە قەزای داقوق.
 
رۆژی 5ی مانگی شوباتی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق عەبدولستار عەلی کە لە نەتەوەی عەرەبە بە قایمقامی نوێی داقوق دیاریکرد، دواتر لەلایەن راكان سەعید، پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت دەستبەكاربوونی بۆ کرا.
 
دیاریکردنی ئەو قایمقامە نوێیە دوای خانەنشینبوونی لویس ئەفەندی، قایمقامی پێشوو هات بەهۆی تەمەنەوە.
 
رۆژی 9ـی شوبات، هەشت پەرلەمانتاری کورد و تورکمان و کریستیان لە نووسراوێکدا کە لە رێگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ محەممەد شیاع سوودانییان ناردبوو، داوایان کردبوو کۆتایی بە راسپاردنی قایمقامی نوێی داقوق بهێنرێت، تاوەکو ئەو کاتەی پێکهاتەکان لەسەر کەسێک رێکدەکەون.
 
وەسفی عاسی و ساهرە غەریب و مونا سەبیل، پەرلەمانتارانی پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کێشەکانی قەزاکەوە رایانگەیاند: "سازش لە پرسەکان و بەرکەوتەکان ناکەین، کە پەیوەندیدارن بە پرسە چارەنووسسازەکانەوە. هاوکات جەخت لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە شاری کەرکووک دەکەینەوە." 
 
دەستەی رای عەرەبیش کە لایەنێکی عەرەبییە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو پرسەوە هۆشدارییان لە روودانی کێشە دابوو، بەهۆی رەتکردنەوەی بەربژێری عەرەب و گوتبوویان: "پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە قەزای داقوق بەرپرسیارێتی هەموو خەڵکی داقوقە بە سەرجەم پێکهاتەکانییانەوە، دەستوەردانی هەندێک لایەنی سیاسی و هەوڵی دروستکردنی کێشە کارێکی نابەرپرسانەیە و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات و سەرەتایەکە بۆ ئاشووبێک لە ئایندەدا کۆنتڕۆڵ ناکرێت."
 
رۆژی هەینی 24-2-2023، ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 18ی یەکێتی لە قەزای داقوق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئەو ئامارانەی لە دەزگا فەرمییەکانی عێراق وەریگرتووە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتووانی قەزای داقوق 76 هەزار و 417 کەس بوو، کورد نزیکەی 41٪ و تورکمان نزیکەی 41٪ و عەرەبیش نزیکەی 17٪ی دانیشتووانی قەزاکە پێکدەهێنن." 
 
بەڵگەی دیکەش دێنێتەوە کە "عەرەب لە شارۆچکەکە کەمینەن" و دەڵێت: "بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی 2021دا، ژمارەی دەنگدەرانی داقوق 43 هەزار و 496 دەنگدەر بوون، لەو ژمارە 18 هەزار و 875 کەس دەنگیان داوە، کە 8193 کورد و 8154 تورکمان بوون، هەرچی ئەو عەرەبانەیە کە دەنگیان داوە 2481 کەس بوون."